کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی دژایەتیکردن لەگەڵ حیجابی زۆرە ملێی بە پیلانی بێگانە ناو برد

17:01 - 16 خاکەلێوه 2724

خامنەیی ڕۆژی چوارشەممە  ١٥ی خاکەليوە لە دیدارێکدا لەگەڵ بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران  وتی حیجابی ئیسلامیی هەم لە ڕوانگەی شەرعی و هەم لە ڕوانگەی یاساییەوە ئیجبار و زۆرە و لە ڕوانگەی ناوبراودا دژایەتیکردنی ژنان لەگەڵ حیجابی زۆرەملێ ئامانجێکی هەیە ئەویش گەڕانەوەی دۆخەکە بۆ پێش شۆڕشی گەلانی ئێرانە.

 

خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامی لەو دیدارەدا نزیک بە ٦ خولەک لەسەر حیجاب و دژایەتیکردنی حیجابی زۆرەملێ لە ئێراندا  قسەی کردووە و ئەو دژایەتی کردنانەی بە پیلانی بێگانەکان ناو بردووە و داوای لە دامودەزگاکانی ڕێژیمەکەی کردووە کە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو کارە هەنگاوی یاسایی و شه‌رعی بنێن.

 

 خامنەیی پێشتر لە یەکەم کۆبوونەوە و لێداونەکانی ساڵی نوێ لەگەڵ کاربەدەستانی خۆی بە زۆری باسی لە دەستپێشخەری خولێکی نوێی حکوومەتی و ڕێوشوێنی ئەمنییەتی لە دژی نەیارانی کۆماری ئیسلامی دەکرد، بەڵام ئەمساڵ مامەڵەکردن لەگەڵ نەیارانی حیجابی زۆرەملێ لە ئێرانی وەک یەکەمین هەنگاو بۆ ساڵی نوێ ناو برد.

لە هەمان کاتدا زۆرێک لە چاودێرانی پرسە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران، بەپێی تێبینییەکان و دۆخی گشتیی کۆمەڵگای ئێران، گەڕاندنەوەی حیجابی زۆرەملێ بۆ شێوازی ساڵانی ٦٠ و ٧٠ی هەتاوی بۆ ڕێژیم بە کارێکی مەحاڵ دەزانن.

لە لایەکی دیکەشەوە گەڕاندنەوەی حیجاب له‌ ڕوانگەی سیاسی و ئەمنییەوە بۆ ڕێژیم تێچووی زۆر هه‌ڵده‌گرێ.