کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری نەورۆزی مەشخەڵانی کوردستان

12:47 - 17 خاکەلێوه 2724

تاهیر قاسمی

لەگوێن چەند ساڵی ڕابردوو، ئەمساڵیش نەورۆز لە شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گڕ و تین بەڕێوە چوو. ‏لە نەورۆزی ئەمساڵیشدا جامانەکان کەوتنەوە سەما و مەشخەڵەکان هەڵکرانەوە و کوڕان و کچان بە دەوری ئاگری ‏نەورۆزدا هەڵپەڕین؛ بەڵام کۆمەڵێک تایبەتمەندی، نەورۆزی ئەمساڵی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان جیاواز و تایبەت کرد. ‏لەوانە بەشداریی هەرچی زیاتری چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، گوڕ و تینی زیاتر لە ساڵانی پێشوو، تەنینەوەی بە ‏زۆربەی گوند و شار و ناوچەکانی کوردستاندا و  بەرینتر بوونەوەی هەرچی زیاتری بە پانتایی جوغرافیای ڕۆژهەڵاتی ‏کوردستان و تەنانەت سەرانسەری ئێراندا. ئەم نەورۆزە بە تایبەت لەچاو ساڵی ڕابردوو کە بە سەرکوتی بێبەزەییانەی ‏شۆڕشی ژینا و تا ڕادەیەک دامرکانەوەی ئەو شۆڕشە، نەورۆزێکی خەماوی بەسەر خەڵکی کوردستاندا هات، ‏هەستانەوەیەکی بەهێز بوو. هەستانەوەیەک کە پێشتر بە کۆبوونەوە و ڕێپێوانی دەیان هەزار کەسی لە سەقز بۆ ناشتنی ‏تەرمی وەرزشوانێک و لە نەغەدە بۆ بەشداری لە ناشتنی تەرمی سێ کەژەوانی ‏ئەو شارە خۆی دەرخستبوو. ‏

نەورۆزی ٢٧٢٤ ئەگەرچی دوای زیاتر لە یەکساڵ بەسەر کۆتایی خۆپێشاندانەکانی بزووتنەوەی ژینادا هات بەڵام لە ‏چەند ڕووەوە دەتوانین وک درێژەی ئەم شۆڕشە بیبینین. بزووتنەوەیەک کە لە کوردستانەوە بە هەستێکی نەتەوەیی و ‏شوناسخوازانە دەستی پێ کرد بەڵام لە ئاستی ئێراندا بە درووشمە سەرەکییەکەی واتە ژن، ژیان، ئازادی ناسرا و پتر دژ بە ‏پێشێلکارییەکانی مافی ژنان وەستایەوە. بەو ڕوانینە لە بزووتنەوەکە، سەرەڕای ئەوە کە دانی ئەو درووشمە و بە گشتی ‏درووشمدان لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵدا کەم و دەگمەن بوو، ژنان بەدوور لە حیجابی زۆرەملێ، بەهەراوی ‏لە ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی ئەو بۆنانەدا بەشدار بوون و خواست و ئیرادەی نەتەوەیی و مرۆیی و یەکسانیخوازانەی ‏خۆیانیان تێیاندا نیشان دایەوە. بەشداری لە هەڵگرتنی مەشخەڵ و کردنەوەی ئاگری نەورۆز، هەڵپەڕینیان شانبەشانی ‏پیاوان و کێشانی گەڕی ڕەشبەڵەک، هەڵگرتنی جامانە و پۆشینی جلوبەرگی خاکی و پێشمەرگانە هێما بوون بۆ ئەوەی ‏ژنان هێز و ورە و خواستی یەکسانیخوازانەی خۆیان بەکردەوە نیشانی دەسەڵات و کۆمەڵگە بدەن. نەورۆزی ‏مەشخەڵانی ڕزگاری لەڕاستیدا بوارێک بوو بۆ بەکردەوە نیشاندانی ژن لە گۆڕەپانی تێکۆشاندا و بە کردەیی کردنی ‏دروشمی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن ژنان و پیاوانی یەکسانیخوازی کورد لە شار و گوندەکانی سەراسەری کوردستان. ‏

بابەتێکی دیکە کە لە بەڕێوەبردنی بۆنەکانی نەورۆزی ئەمساڵدا بەرچاوە، هاوکاری و هاودڵیی هەرچی زیاتری نێوان ‏تاکەکانی کۆمەڵگەیە. لە زۆربەی شار و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا خەڵک بە ڕێزەوە لە دەوری یەک کۆ ‏دەبنەوە و بۆ هەرچی باشتر بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکان لەگەڵ یەک هاوفکری دەکەن و بەرنامە دادەڕێژن. لەکاتی ‏بەڕێوەبردنی بەرنامەکاندا بە داب و دەستوور دەجووڵێنەوە و شانۆ و نمایشێکی بەکۆمەڵ و هاوئاهەنگ پێشان ‏دەدەن و پێشکەش دەکەن. ئەوەی لەم نێوەدا سەرنجڕاکێشە یەکتر قەبووڵ کردن لەوپەڕی خۆیدایە و هەموان بەچاوی ‏ڕێز سەیری یەکتر دەکەن. دیاردەیەکی ناشیرین کە لە بۆنە و زەماوەندە ئاساییەکاندا زۆر جار خۆی نیشان دەدا، ‏هەڵگیرسانی شەڕ و ئاژاوەیە بەڵام لە کاتی بەڕێوەچوونی ئەو ڕێوڕەسمانەدا لە هیچ شوێنێکی کوردستانەوە هەواڵی ‏بچووکترین کێشە و شەڕ لەئارادا نییە. خاتوونێک گێڕایەوە کە پیاوەکان ئەوەندە بە چاوی ڕێزەوە سەیری ژنان دەکەن ‏کە هەمووانت لێ دەبێ بە برا و خۆت بە خوشکی گشتیان دەزانی. یەکدڵی و یەکگرتوویی‌ نەتەوەیی نەک هەر لە ‏چوارچێوەی شار و گوندەکاندا بەڵکو لە ئاستی سەراسەری کوردستانیشدا بەرچاوە. زۆربەی ئەو بۆنە و ڕێوڕەسمانە ‏تایبەتمەندیی وەک یەکیان هەیە و ئیلهام لە یەکتر وەردەگرن. هەڵچنینی وەک یەکی چیلەی ئاگر، داب و دەستووری ‏وەک یەک بۆ داگیرساندنی ئاگرەکە و تەنانەت پۆشینی جلی هاوشێوە حیکایەتی هاودڵی و هاوپێوەندییەکی نەتەوەیی ‏قووڵ لە سەرانسەری کوردستاندا دەگێڕێتەوە.‏

لەباری جوغرافیاییەوە کورد لە ئێراندا ڕەنگە هیچ‌کات ئاوا یەکتریان نەخوێندبێتەوە و بۆ یەکتر نەهاتبنە سەر خەت. لە ‏باری ئوستانییەوە نیشانیان دا کە جوغرافیای ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری چوار پارێزگای ورمێ و سنە و کرماشان ‏و ئیلامدا قەتیس نییە. کوردەکان لە خوزستان و هەمەدان و زۆر شوێنی دیکەی دەرەوەی ئەو چوار پارێزگایە بە ئاگری ‏نەورۆز جێژنە پیرۆزەیان نووسی و چوارچێوە جوغرافیاییە ڕاستەقینەکەیان بە ئاگری نەورۆز درەوشاندەوە. نەک هەر ‏لەو چوارچێوە جوغرافیاییەدا بەڵکو کوردەکان لە خۆراسان، لە شیراز، لە تاران و زۆر شوێنی دیکەش بۆنەی ‏هاوشێوەیان وەڕێخست، گەڕی داوەتیان لێ گرت و کوردایەتیی خۆیان نیشان دا. بۆ یەکەم جار لە لوڕستانەوە تا ماکۆ ‏و لە ئەسەدابادەوە هەتا پاوە، کورد خاوەنایەتیی خۆی بەسەر نەورۆز و بەسەر ئەم جوغرافیایەدا سەلماندەوە. ئاگر، ‏هەڵپەڕکێ، جامانە و جلی خاکی هێما و سەمبولی هاوبەش بوون بۆ پێناسەی نەورۆزی ئەمساڵی کوردان لە ڕۆژهەڵاتی ‏کوردستان و سەرانسەری ئێراندا. ئەوان بەو هێمایانە لە ڕاستیدا جوغرافیای ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان سەرلەنوێ ‏کێشایەوە و پانتایی سنوورەکانی کۆماری نەورۆزی مەشخەڵانی ڕزگاریی کوردستانیان بۆ هەمووان دەستنیشان کرد. ‏

بابەتێکی دیکەی نەورۆزی ئەمساڵ ڕاوەستانی کوردان لەبەرامبەر زێدەخوازیی شۆڤێنیزمی پانتورکیزم بوو. لەم چەند ‏دەیەی دواییدا پانتورکیزم بە پشتیوانیی دەسەڵاتی مەزهەبیی تاران لە هەموو لایەکەوە هوروژمی هێناوە و لە زۆر ‏شوێنی کوردستاندا هەڕەشە لە بوون و مانی کورد دەکا. نەورۆزی مەشخەڵانی ڕزگاریی کوردستان ئەو دەرفەتەی بە ‏کورد دایەوە کە بەربەستێک بۆ ئەو زێدەخوازییە دابنێ و بە هەموو دنیا ڕابگەیەنێ کە بێدەنگیی کورد لە زۆر شوێنی ‏پارێزگای ورمێ و هەمەدان و شوێنەکانی دیکەش نەک بە واتای نەبوون یان بەجێهێشتنی زێدی هەزاران ساڵەی ‏خۆی بەڵکوو دەرەنجامی سەرکوتی سیستماتیکی ئەم نەتەوەیە لەلایەن دەسەڵاتی ناوەند و دانی ئامرازەکانی سەرکوت ‏بەو ڕەوتە شۆڤێنی و چاوبرسییەیە. سیاسەتێک کە بە داخەوە گەلێک ساڵە دژی کورد پێڕەو دەکرێ. لەم نەورۆزەدا ‏کوردان لە ورمێ و ماکۆ و میاندواو و زۆر شوێنی دیکە بە هەڵکردنی ئاگر و بە سەمای جامانە و بە گەڕی ڕەشبەڵەک ‏کوردستانی بوونی زێد و نیشتمانی خۆیان نەخشاندەوە. ‏

سێکۆلاریزم دیاردەیەکی دیکەی ئەم جێژن و بۆنە نەورۆزییەکانی کوردستانە. لەکاتێکدا بە هاتنی مانگی ڕەمەزان ‏ڕێژیم هەموو ساڵێ هەوڵ دەدا هێژەمۆنی و دەسەڵاتی مەزهەبیی خۆی زیاتر بەسەر خەڵکدا بسەپێنێ، خەڵکی ‏کوردستان بە شیعە و سوننی و یارسانەوە پێمل بەو ئایین و دین سەپاندنە نەبوون و جێژن و شایی و هەڵپەڕینی ‏خۆیان بە دوور لە بێڕێزی بە هیچ ئایین و ئایینزایەک بەڕێوە برد. ‏

ناسێنەی هەرە بەرچاوی بۆنەکانی نەورۆزی مەشخەڵانی کوردستان بەستنی جامانە و پۆشینی جلوبەرگی خاکی وەک ‏هێمای پێشمەرگانە و سەمبولی بەرخۆدانە کە ئەمساڵ بە چڕی خۆی نواند. بە جۆرێک کە بینەر بە دیتنیان زۆر جار ‏خۆی لەنێو گەڕی شایی و هەڵپەڕکێی پێشمەرگەدا هەست پێ دەکرد. بەوەش خەڵکی کوردستان هەوڵیان دا خۆیان ‏وەک بەشێک لە خەباتی کۆڵنەدەرانەی کوردستان نیشان بدەن و ڕێز لە خەباتی شاخ و لە تێکۆشانی پێشمەرگانە ‏بگرن. وێڕای ڕێز لە خەباتی پێشمەرگە هەوڵیان دا نەورۆز و بۆنەکانی نەورۆز بکەن بە مەرهەمێک بۆ ساڕێژکردنەوەی ‏برینی ئەو بنەماڵانەی ئازیزێکیان لەپێناو ڕزگاریی نیشتماندا لەدەست داوە. لە بۆنەکاندا ئەرکی پێشەنگایەتی بۆ ‏داگیرساندنی ئاگری نەورۆز بە بنەماڵەی شەهید سپێردرا. بەم جۆرە ڕێزیان لە خەبات و تێکۆشانی تێکۆشەرانی ڕێگای ‏ڕزگاریی کوردستان گرت، ڕێبازەکەیان بەرز نرخاندن و خۆیان بە بەشێک لەو ڕێبازە نیشان دا. ترۆپکی ئەم ڕێزگرتنەش ‏لە ڕۆژانی ٩ و ١٠ی خاکەلێوەدا هاتە ئاراوە دوای ئەوەی چالاکانی سیاسیی کورد داوایان کرد بۆ مەحکوومکردنەوەی ‏ئیعدامی پێشەوا قازی محەممەد سەرۆک کۆماری کوردستان لە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە کە لەلایەن حیزبی دێموکراتی ‏کوردستانەوە بە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان نێودێر کراوە، بۆنە و ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ڕابگرن. خەڵک بە بە دەم ‏بانگەوازەکەوە هات و ڕێوڕەسمەکان بۆ دوای ئەو دوو ڕۆژە ڕاگیران. وەستانی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز بە تایبەت لە ‏ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەدا هیندەی سەمای جامانە و پۆشینی جلی خاکی و هەڵکردنی مەشخەڵانی نەورۆز واتادار و ‏هەڵقوڵاوی ئەوپەڕی تێگەیشتوویی نەتەوەیی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. لەم دوو ڕۆژەدا گەلی کورد لە ‏ڕۆژهەڵات بە دۆست و دوژمنی سەلماند کە بۆنەکانی نەورۆز بۆ ئەوان کردەوەیەکی نەریتی، لاسایی یان تەنیا بۆ ‏خۆشی و هەڵپەڕین نین بەڵکو ئەوە هەستانەوەی سەرلەنوێی بزووتنەوەیەکی سەرکوتکراوە و و بڕگەیەک لە تێکۆشانی ‏نەتەوەیی نەتەوەیەکی زۆرلێکراوە کە ساڵ لە دوای ساڵ پتر باڵا دەکا و کورد زیاتر لەسەر دابینبوونی مافەکانی ‏پێداگرتر دەبێ. ‏