کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سروودێک لە چاوی ئاوردا (شەهید ئەنوەر ئیبراهیمی)

12:51 - 17 خاکەلێوه 2724

برایم چووکەڵی

هەرچی دەست بۆ پینووس دەبەم ‌و ئاوڕ لە ژیانی ئەو قارەمانانە دەدەمەوە کە لە سەردەمێکدا بە گیان ‌و بەدڵ، بە بیروباوەڕ، بە ماڵ‌وگیان، بە خوێن ‌و تەنانەت بە دانانی گەورەترین سەرمایەی ژیانیان فەرماندەیی ئەو شەرە حەماسەیانەیان دەکرد، دڵ ‌و دەروونم ئاگر دەگرێ. ئەوانە هەر ئەو کەسانە بوون کە شەورۆژیان نەدەناسی ‌و هیزە جۆراوجۆرەکانی حیزبی دێموکرات لە سەرتاسەری کوردستانیان فەرماندەیی دەکرد و وەک هەلۆیەکی بەرزەفڕ چاویان بەسەر ئاو و خاکی نیشتمانەکەیانەوە بوو و وەک گلێنەی چاو دەیان پاراست، کوا لە قامووسی وشە دەتوانێ بۆ ئەو فەرماندە بوێرانە پەسنێک شک دەبەی بارتەقای فیداکاریی‌، لێهاتوویی و خۆنەویستیی ئەوان بێت.

ناوچەی ژاوەرۆی سنە یەکێک لە سەنگەرە گرینگەکانی خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی کوردە. خەڵکی خەباتگێڕ و دێموکرات‌پەروەری ئەو ناوچەیە هەمیشە بە دڵەوە لایەنگری حیزبەکەیان، حیزبی دێموکراتی کوردستان بوون و باشترین و بەوەفاترین ڕۆڵەکانی خۆیان، ڕەوانەی ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کردوە. لە میژووی دەیان ساLەی خەبات‌ و بەربەرەکانی گەڵی کورد لەپێناوی ئازادی‌ و دێموکراسیدا، کەم گوند و ئاوایی ئەو ناوچەیە دەبینرێ کە ڕۆڵەیەک یا چەند قارەمانی پێشکەش بە نیشتمان نەکردبێ تەنانەت کەم بنەماڵەی کوردستانی خۆشەویست ‌و خۆڕاگر دەبینرێ کە جگەرگۆشەیەک، یا خۆشەویستێکی پێشکەش بە بارەگای ئازادی نەکردبێ‌.

 ئاوایی تەنگیسەر لە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، یەکێک لەو گوندانەیە خەڵکەکەی زیاتر لە٢٠ خەباتکار و ڕۆڵەی شۆڕشگێر‌ و قارەمانی خۆیان کە بە ڕەنج ‌و ئارەقەی نێوچاوانیان گەورە کردبوو، لەپێناو بەختەوەریی نەتەوەکەیاندا فیدا کردوە. لە "هەگبەی شاخ و شۆڕش"ی ئەم ژمارەیەدا و لە نێو باخچەی شەهیدانی سەربەرزی گوندە قارەمانەکەی تەنگیسەردا یادی هەلۆیەکی سەربەرز دەکەینەوە، فەرماندەیەکی بەوەج کە هەموو ژیانی لە پێناو ڕزگاری نیشتمانەکەی دانا، ئەویش کەسێک نییە جگە لە شەهید ئەنوەر ئیبراهیمی لە هێزی زاگرۆس. 

ئه‌نوه‌ر ئیبراهیمی ساڵی ١٣٤١ی هەتاوی له‌ ئاوایی  ته‌نگیسه‌ر له‌ ناوچه‌ی ژاوه‌رۆ له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌کی کوردپه‌روه‌ر چاوی به‌دنیای ڕوون هه‌ڵێنا. لە هەڕەتی لاوەتیدا له‌ خۆپێشاندانه‌کانی دژی رێژیمی پاشایه‌تی به‌شداریی کرد و ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و ئاشکرابوونی تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەو دەرفەتەی بۆ ئەنوەر ڕەخساند کە بەکردەوە ببێتە مەیدانی خەباتەوە و بەئاشکرا بۆ وەدیهێنانی ئەو ئامانجە پیرۆزانەی کە خۆشی دەویستن خەبات بکا. ئەنوەر دوای ئەوەی بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتیی لە بەر کرد و چەکی شەرەف ‌و دیفاع لە کەرامەتی گەلەکەی دەست‌دایە، لە ڕیزی پێشمەرگەکانی هێزی "شەهید شەریفزادە"دا سازمان درا. ئەو زۆر زوو توانی ببێتە خۆشەویستی خەڵکی ناوچە ‌و هاوسەنگەرانی. چونکی لە هەموو وجوودیدا ئیمان‌ و بیروباوەڕی پتەوی بە خەباتی نەتەوەکەی و، لە ئاکار و کردەوەیدا شۆرشگێربوون‌، دڵسۆزی‌، لێبراوی‌ و شێلگیربوون لەسەر درێژەپیدانی ئامانج ‌و ڕێبازەکەیدا شەپۆلیان دەدا. ئەو تایبەتمەندییانە لە مەیدانی شەڕ لە بەربەرەکانی لەگەڵ دوژمندا جۆرێکی دیکە خۆی دەنواند، کاتێک لە دوژمن سەنگەری دەگرت و کاتێک هێرشی بۆ سەر دوژمنانی کورد و کوردستان دەبرد هیچ هێزێکی دوژمن توانای خۆڕاگری لە ئاست نەعرەتەی شێرانەی ‌و هەڵمەت‌ و پەلاماری شۆڕشگێرانەیدا نەبوو.

تایبەتمەندی دیکەی ئەنوەر ئەوە بوو هەر بەو ئەندازەیەی نەتەوەکەی خۆش دەویست بەو ڕادەیەش هاوسەنگەرانی خۆش دەویست. شەهید ئەنوەر لە بەرپرسایەتیی فەرماندەیی پێشمەرگەدا نیشانی دا فەرماندەرێکی بەوەجە و لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیدا ماندوویەتی ناناسێ. چالاکانە مەئموورییەتی حیزبی بەڕێوە دەبرد و بە لێوەشاوەیی ڕێنوێنی‌ و فەرماندەریی پیشمەرگەکانی دەکرد. ئەنوەر لە ناوچەکانی مەریوان، سنە و کامیاران بە باشی ئەرک‌ و بەرپرسایەتییەکانی ڕادەپەڕاند.

ئه‌نوه‌ر به‌ هۆی لێهاتوویی به‌رپرسایه‌تی جۆراوجۆری هه‌بوو جێگری په‌ل، سه‌رپه‌ل جێگری لک ‌و سه‌رئه‌نجام وه‌ک فه‌رمانده‌ری لک کاری پێ ئه‌سپێردرا. ئەو لەو پلە و بەرپرسایەتیانەشدا سەلماندی کە فەرماندەرێکی بەوەجە و لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیدا ماندوویەتی نەدەناسی. دوای ئەوەش کە وەک فەرماندەری لک دیاری کرا، له‌و بەرپرسایەتییەشدا چالاکانە مەئموورییەتی حیزبی بەڕێوە دەبرد و بە لێوەشاوەیی ڕێنوێنی ‌و فەرماندەریی پیشمەرگەکانی دەکرد و لە ناوچەکانی مەریوان، سنە، کامیاران و... زۆر حەماسەی لەبیرنەکراوی هێزی پێشمەرگەی بە فەرماندەریی ئەنوەر خوڵقان.

هێزە دڵ‌ڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە هیچ کات لە بەرەنگاری ‌و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئه‌نوه‌ر‌دا نەیانتوانی بە ئامانج بگەن، لە پیلانێکی دژی مرۆڤانەدا زەفەریان پێ هێنا. ڕۆژی ٢١ی خەزەڵوەر ساڵی ١٣٧٢ لە کاتێکدا ئەنوەر لەگەڵ چەند هاوڕێی دیکەی لە شاری دەربەندیخانەوە بەرەو بنکەکانیان بۆ ناوتاق دەگەڕانەوە، بە ماشێنەوە کەوتنە سەر مینە چێندراوەکانی سپای پاسداران. ‌لەو کەمین و ڕووداوەدا بەداخەوە ئه‌نوه‌ر ئیبراهیمی لەگەڵ ٤ هاوسەنگەری دیکەی بەناوەکانی شاڕوخ مرادی -فه‌رمانده‌ری هێز-، سەلاح مرادیان، رەشید رۆستەمی ‌و تاهیر مەنووچێهری شەهید بوون. بەمجۆرە ئه‌نوه‌ر ئیبراهیمی ڕەشەبای مەرگ نەمامی تەمەنی بەلادا خست‌ و گوڵی هیوا و ئاواتەکانی پەڕپەڕ بوو.