کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێزدەبەدەر و درۆکردن دە دڵی خۆماندا

12:55 - 17 خاکەلێوه 2724

دارسمە

جاری وا هەڵدەکەوێت دوو شت تێک دەبەزن و بە هیچ هەوڵ و تێکۆشانێکی دەرەکی و ژوورەکی و هیچ چەشنە گەلەکۆمەکیەک لە یەکتر ناکرێنەوە. لێک‌نەکرانەوە بەو مانایە نا بڵێین ناکرێت جیاوازییەکانیان ببینین، بەڵکوو بەم مانایەیە لە بەریەک هەڵناوەشێنەوە یان لە یەکتری دوور ناخرێنەوە.

بۆ ئەمساڵیش واتە ساڵی ٢٧٢٤ی کوردی لە ١٣ی خاکەلێوەدا دەگەڵ ٢١ی ڕەمەزانی ١٤٤٥ کۆچی مانگی کەوتنە بەریەک و بە چەشنێکی زۆر سەیر دەبەریەک بەزین. ئەوانەی شەڕەکەڵی کۆنیان دیتووە جوانتر دەتوانن ئەم تێکبەزین یان دەبەریەکبەزینە ببینن و هەستی پێ بکەن. لە سەردەمی ڕۆژەڤ‌بوونی شەڕەکەڵدا خاون کەڵ دوو کەڵیان بۆ شەڕەکەڵ بەخێو دەکرد و لە مەیدانێکی گەورەدا بە شەڕیان دەدان.

ئەو دوو کەڵەی بە شەڕ دەدران، تەوێڵیان دەخستە بەرانبەری یەکتر و شاخیان دەبەریەک دەبەزاندن و ئەگەر هەردوویان تین و توانایان وەک یەک بووایە، ئەوە چوار شاخیان بە چەشنیک دەبەریەک دەبەزین ئەگەر لە پشتەوەڕا دووکەڵیشیان لێ هەستابایە نەدەکشانەوە و ئەوکات کۆمەڵی هاندەرانیان دەکەوتنە ڕا و تەکبیر و سەری دوو گوریسی درێژیان دەکردە ئاڵقە و لە پشتەوەڕا بە جیا دەیانهاویشتە شاخی کەڵەکان و بە چل پەنجا کەس گوریسەکانیان بۆ دوولای دژ بەیەک ڕادەێکێشا و شاخی دەبەریەک‌بەزیوی کەڵەکانیان لەبەر یەک دەترازاند. دوای ئەوە دیار دەبوو کامە کەڵ ترسنۆکترە و کەڵی ترسنۆک دوای ڕەهابوونی شاخی لە شاخی کەڵەکەی دیکە، پشتی دەدا و دەستی بە هەڵاتن دەکرد و کەڵی دووهەمیش ئەگەر نەگیرابایە، وەک لایەنی سەرکەوتوو تەقڵەکوت دەکەوتە سەری.

ڕۆژانی سێزدەبەدەر و ٢١ی ڕەمەزانی ئەمساڵیش بە حوکمی چۆنیەتیی سووڕانی گۆی زەوی لە بۆشاییدا، وەک شاخی دوو کەڵی دەخاوگیراو واتە بە شێوەی تایبەت بەخێو‌کراو دەبەر یەکتر گیراون واتە تێکبەزیون.

ئاخوندانی چازان و لێزانی دۆخەکە لەبەر ئەوەی ژیانیان لە خۆهەڵواسین بە دین و خوڵقاندنی درۆی شاخدار هەوڵی خۆیان چڕ کردەوە و ئەوپەڕی توانایان بۆ لەبەریەک‌ترازان خستە گەڕ.

دانیشتووانی جوغرافیای ئێران بەشی زۆریان بڕوایان بە ئیسلام و سێزدەبەدەر هەیە و ئەم دوو بۆنەیەش لەم چەند ساڵەی دواییدا هەتا ئەمساڵ بەم‌جۆرە دەبەریەک نەبەزیون.

هەرچەندە دوو بۆنەی دەبەریەک‌بەزیوی سێزدەبەدەر و ٢١ی ڕەمەزان هەردووکیان لای دانیشتووانی ئێران خاوەنی جۆرێک لە تایبەتبوون و پیرۆزبوونن، بەڵام لەبەر ئەوەی سێزدەبەدەرەکە لە ٢١ەکە کۆنترە و لە دەست‌پێکردنی ژماردنیش ژمارەی ١٣ پێش ٢١ دێت، چاوەڕوان دەکرا چارەسەری ئەم دەبەریەک‌بەزینە هەر ١٣بەدەر خۆی بێت.

لەم بگرەوبەردەیەدا بەڕێز"لوتفوڵلا دژکام" نوێنەری ویلایەتی فەقیهـ لە پارێزگای فارس و ئیمامی هەینیی شاری شیراز گەڕایەوە سەر چارەسەری پشت‌بەستوو بە سێزدەبەدەر و پەنای بردە بەر درۆی ١٣ بەدەر یان درۆی یەکی نیسان. ئاغای دژکام لە کاتێکدا بەدرێژایی تەمەنی دەگەڵ هاوبیرانی خەریکی درۆکردنە، ئەمجارە ڕیکاری درۆکردنی پێشانی هاونێشتمانیان دا و شێوازی درۆی گۆڕی و لە درۆکردنی نێو جڤاک‌دا چەقی پێ‌نەبست و کردییە درۆی دەروونی. کاکە لوتفوڵلا لەم نێوەدا فەرمووی لەبەر ئەوەی ٢١ی ڕەمەزانی ئەمساڵ دەگەڵ ڕۆژی سروشت و ١٣ بەدەر دەکەونە بەر یەک و ناموسوڵمانانیش ڕێز لە ئیمامی عەلی دەگرن وا باشە لە هیچ شوێنێک بێڕێزی بە ٢١ی ڕەمەزان نەکرێت و خەڵک بۆ ڕێوڕەسمی ١٣ بەدەر نەڕۆنە دەرەوە و لە ماڵەوە بمێننەوە.

نوێنەری ویلایەتی فەقیهـ لە پارێزگای فارس، بە فارسییەکی ڕەوان و بێ‌گرێ‌وگۆڵ گوتی: بۆ ئەوەی خەڵک دڵیان بۆ چوونە دەرەوە و بیر لە سێزدە بەدەر نەکورکێنێت، وا باشە هەموو کەس وا بە خۆیان بسەلمێنن لەم ڕۆژەدا باوکیان مردوە و شاییکردنی ڕۆژی ١٣بەدەریان لە بیر بچێتەوە.

گرینگایەتیی ئەم فەرمایشەی ئیمام جومعەی شیراز لەمە دایە، ئەگەر هەموو کەس هەرچەند بە درۆش بێت وا بزانن باوکیان مردوە، هەرکەس لەماڵی خۆی چاوەڕوان دەبێت خەڵک بۆ سەرساخی بێنە ماڵی و هیچکەس بۆ هاودەردی دەربڕین دە گەل کەسی دیکە لە ماڵ دەرناکەوێت و لەبەر ئەوەی بابی هەموو لە یەک ڕۆژدا مردوە، هاتووچۆ کردن بۆ سەرەخۆشیش پەکی دەکەوێت.

لەم بیرۆکەی ماموستا دژکامدا درۆی سێزدەبەدەریش لە دۆخی درۆی ئاسایی دەردەچێت و دەبێت بە درۆی دەروونی و هەرکەس لە باڵ خۆیدا بە درۆ دەڵێت بابم مردوە. دیارە ئەوانی زووتر باوکیان کۆچیی دواییان کردەوە، بەم مەرجەی جارێکی دیکە باوکیان زیندوو بکەنەوە دەتوانن بیانمرێنن و ئەمەش دەبێتە دوو درۆی دەروونی.

ئەم جۆرە درۆکردنە کێشەیەکی دیکەشی هەیە و ئەوکەسانەی خاوەنی منداڵ و نەوە و نەتیجەن، ئەوانی بە تەمەنن، هاوکات کوڕ و نەوەیان بە یەکەوە دەمرن و لە بچووکەکەشەوە یانی لە لای نەتیجەوە باوک و باپیرە و باپیرەگەورە لە ئان و ساتێکی سیزدەبەدەردا سەر دەنێنەوە.