کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا هۆشداری دەداتە ڕێژیم کە بە بیانووی تۆڵە لە ئیسرائیل، هێرش نەکاتە سەر دامەزراوە و هێزەکانیان لە ناوچەکە

10:43 - 18 خاکەلێوه 2724

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکد بۆ کاناڵی سی ئێن ئێن ڕایگەیاند ئەمریکا هۆشداری داوەتە کۆماری ئیسلامی کە بە بیانووی تۆڵەسەندنەوە لە ئیسرائیل، هێرش نەکاتە سەر دامەزراوە و هێزەکانی ئەمریکا.

بەپێی ڕاپۆڕتی سی ئێن ئین ئەم هۆشدارییە لە وڵامی پەیامەکەی ڕێژیم بۆ ئەمریکا نێردراوە، بەڵام ڕوون نییە کە نێوەڕۆکی پەیامەکەی ڕێژیم بۆ ئەمریکا چی بووە.

چەند کاتژمێریک پاش هێرش بۆ سەر کونسولخانەی ڕێژیم لە دەمیشق، ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ڕێژیم لە هەژماری ئیکسی خۆیدا ڕایگەیاندبوو کە کارداری سویس لە تاران بانگێشت کراوە و پەیامێکی گرینگ لەو ڕێگەوە ئاراستەی ئەمریکا کراوە.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئەمریکای لە هەوڵەکانی ئیسرائیل و هێرش بۆ سەر کونسولخانەی ڕێژیم بە بەرپرسیار زانی و داوای کرد کە وڵامدەری کردەوەکانی ئیسرائیل بێت.

هەر لەم پێوەندییەدا محەممەد جەمشیدی جێگری سیاسیی نووسینگەی ئیبراهیم ڕەئیسی ڕۆژی هەینی لە هەژماری ئیکسدا نووسی: "کۆماری ئیسلامی لە نووسراوەیەکدا هۆشداری داوەتە ئەمریکا کە نەکەوێتە داوی نێتانیاهوو و بکشێتە دواوە با زیانی بەر نەکەوێت".

بەپێی زانیارییەکان هێزەکانی ئەمریکا سەبارەت بە وڵامی ڕێژیم لە ئامادەباشیدان و ئەگەری هەیە کە ڕێژیم لە ڕێگەی میلیشاکانییەوە لە ناوچەکە هێرش بکاتە سەر هێزەکانی ئەمریکا.