کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵی ڕێژیمی ئێران بۆ تۆڵەکردنەوە لە ئیسرائیل

10:45 - 18 خاکەلێوه 2724

کاربەدەستانی ئیسرائیل و ئەمریکا باس لەوە دەکەن کە کۆماری ئیسلامی لە کاردانەوە بە هێرش بۆ سەر کونسولخانەکەی لە دەمیشق بۆ تۆڵەسەندنەوە خەریکی پلاندانانە.

بەپێی ڕاپۆرتی ''سی بی ئێس نیووز''، زانیارییەکانی ئەمریکا دەریدەخات کە کۆماری ئیسلامی ژمارەیەکی زۆر لە دڕۆنەکانی شاهێد و مووشەکی کرووز بۆ هێرشکردنە سەر پێگەکانی ئیسرائیل ئامادە دەکات.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، هێشتا کات و ئامانجی ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل نادیارە، بەڵام پێدەچێت ئەم هێرشە تا کۆتایی مانگی ڕەمەزان لە عێراق، سووریە یان ئێرانەوە ئەنجام بدرێت و ناوەندێکی دیپلۆماسیی ئیسرائیلی لە ناوچەکە بکاتە ئامانج.

هەروەها ڕۆژی هەینی ١٧ی خاکەلێوە، حەسەن نەسروڵڵا ڕێبەری حیزبوڵڵای لوبنان لە وتارێکدا باسی لەوە کرد کە ئێران پەلە ناکات، بەڵام بەدڵنیاییەوە وڵامی ئیسرائیل دەداتەوە.

ڕۆژی دووشەممە ١٣ی خاکەلێوە، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر بینای کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی لە دەمشق و بەو هۆیەوە لانیکەم ٧ فەرماندەی سپای قودس کوژران. دوابەدوای ئەوە عەلی خامنەیی و فەرماندەکانی سپای پاسداران هەڕشەی تۆڵەکردنەوەیان لە ئیسرائیل کرد.

جێگای ئاماژەیە کە هێندێک لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کونسولخانەی ئێران لە دەمیشق دووبەرەکی لە نێوان ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی دروست بووە و هێندێک لە بەرپرسانی ڕێژیم لەسەر ئەو باوەڕەن کە کاردانەوەی توند بەو هێرشە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی گرژی و تەنانەت شەڕیش، کە پێویستە بەهەموو نرخێک خۆی لێ بەدوور بگرن.