کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی بەرزبوونەوەی نرخی دراوە جیهانییەکان لە بەرانبەر تمەندا

11:38 - 18 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی هەینی ١٧ی خاکەلێوە، نرخی ئاڵوگۆڕی دراو لە بازاڕەکانی ئێراندا ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی تۆمارکرد و نرخی حەواڵەی دۆلار ٦٦ هەزار تمەنی تێپەڕاند.

نرخی دۆلار لە ڕۆژی دووشەممەی حەفتەی ڕابردوو ٦١ هەزار و ٧٠٠ تومەن بووە، کە بە بەراورد لەگەڵ نرخی ڕۆژی هەینی پێنج هەزار تمەن زیادی کردووە.

هەروەها نرخی  پۆند و یۆرۆ  بەردەوام لە بەرزبوونەوەدان و بە نرخی ٨١ هەزار و ٥٧٠ و ٦٩ هەزار و ٩٦٠ تۆمان لە بازارەکانی ئێراندا فرۆشراون.

ماڵپەڕی " ئێران بروکر" کە لە بواری هەڵسەنگاندنی پلاتفۆرمی بازرگانی و دامەزراوە داراییەکاندا کار دەکات، پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بینای کونسوڵخانەی ڕێژیمی ئێران لە دەمیشق، نرخی دۆلار لە مامەڵە ئانلاینەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

هەروەها نرخی زێڕیش بەردەوام لە هەڵکشاندایە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا نرخی لیرەی نوێ بۆ  ٤٥ میلیۆن و ٩٠٠ هەزار  تمەن، و هەر‌ یەک گرەم زێڕی عەیاری ١٨  بە ٣ میلیۆن و ٦٤٠ هەزار تومەن فرۆشرا.