کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەسەندنی مەترسیداری هەژاری لە ئێران

11:59 - 18 خاکەلێوه 2724

بەرپرسی پێشووی ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی "تەئمینی ئیجتماعی" لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵدەریی ئیلنای ڕێژیم باسی لە پەرەسەندنی دڵهەژێنی هەژاری لە ئێراندا کردووە.

بە وتەی ڕووزبێ کوردوونی لە ماوەی یەک دەیەی ڕابردوودا بە هۆی ڕەوتی خراپی ئابوورییەوە، زیانە کۆمەڵایەتییەکان لە بەشی کاردا زیاتر لە هەموو کاتێک بەرەو قەیران چووە.

کوردوونی ڕایگەیاندووە کە لە نێوان ساڵەکانی ١٣٩٨ تا ١٤٠٠ و لە کاتی کۆرۆنادا، حەشمیەتی ژێر هێڵی هەژاریی ئێران لە ١٥ لەسەدەوە بۆ ٣٠ لەسەد زیادی کردووە و ڕێژەی هەژاران دووقات بووەتەوە.

ناوبراو زیادی کردووە، ئەگەرچی حەشیمەتی ژێر هێڵی هەژاری دووقات بووەتەوە بەڵام لە ئامارێکی دیکەدا ڕێژەی هەژاریی ئەو کەسانە کە کار دەکەن و ئەو کەسانەی کە لەلایەن "تەئمینی ئیجتماعییەوە" بیمە کراون، پێنج قات زیادی کردووە.

ئەم لێکۆڵینەوانە دەریدەخات کە ئەگەر پێشتر هەژاری تەنیا بۆ حەشیمەتی بێکار بوو، بەڵام لە ئێستادا بەشێکی زۆری کۆمەڵگا کە کاریش دەکەن لەژێر هێڵی هەژاریدا بەسەر دەبەن.

سەبارەت بە زیانە کۆمەڵایەتییەکانی هەژاری ئەم بەرپرسە پێشووەی ڕێژیم ڕایگەیاندووە، ڕێژەی خۆکوژی لە نێوان حەشیمەتی ٢٠ تا ٣٠ ساڵ تەمەنی پیاوان لە شارەکانی ئێران بە بەراورد لەگەڵ تەمەنەکانی دیکە و هەروەها ژنان زیاترە و ئەمە دەریدەخات کە ڕێژەی خۆکوژی لە نێوان ئەو کەسانەی کە لە تەمەنی کارکردندان و چالاکن زیاترە.

پەرەسەندنی هەژاری و دۆخی خراپی ئابووری و زۆربوونەوەی ڕۆژبەڕۆژی قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران لەکاتێکدایە کە بەتایبەت پاش هاتنەسەرکاری ڕێژیمی ئیسلامی، لەنێوبردنی هەژاری و باشکردنی ژیانی خەڵک بەردەوام دروشمی بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕێژیم بووە.

ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێستای ڕێژیم لە سەرەتاکانی هاتنەسەرکاری لە ساڵی ١٤٠٠ ڕایگەیاند "فەرمان ئەدەم تا کۆتایی ئەمساڵ هەژاری لە ئێراندا نەمێنێت".

شایانی باسە کە بەپێی کۆتا ئامارەکانی هەژاری لە ئێراندا و سێ ساڵ پاش ئەم دروشمەی سەرۆککۆماری ڕێژیم، ڕێژەی هەژاری لە ئێراندا زیاتر لە ٣٠ لە سەدە و ٤٠ لە سەدی دیکەیش لە نزیک بە هێڵی هەژاریدان.