کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاڵپشتی سەنگەر

13:13 - 18 خاکەلێوه 2724

ئاسۆ مینبەری

لە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی ئەمساڵدا، ٧٧ ساڵ بەسەر لەسێدارەدرانی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانیدا تێپەڕی.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە، کە بە ناوی شەهیدانی کوردستان ناودێر کراوە، خەڵکی کوردستانەوە وەکوو ڕۆژێکی سەمبولیک سەیریان کردووە و ئەو ڕۆژە بووەتە دەرفەتێک بۆ نوێکردنەوەی پەیمان لەگەڵ شەهیدان و ڕێگا و ڕێبازەکەیان.

دیارە هەر بۆنەیەک لە کوردستاندا پێگەی تایبەتیی خۆی هەیە، بەڵام جار وایە هەندێ ڕووداو دەبنە هۆکار تاکوو ئەو بۆنانە کە ساڵانە لای خەڵک بایەخ پەیدا دەکەن، گرینگتر و جیاوازتر لە ڕابردوو یادیان بکرێتەوە، بەو مانایە کە ڕووداوەکانی کۆمەڵگە دەتوانن کاریگەرییان لەسەر بۆنەکان هەبێت و وا بکەن کە ئەم بۆنانە جیاوازتر لە ڕابردوو بن.

لەو کاتەوە کە لە کۆمەڵگەی کوردستاندا شۆڕشی ژینا دەستی پێ کرد و ئاراستەی ڕووداوەکان وای کرد ڕێژیم لە ڕووخان نزیک بێتەوە، کۆمەڵێک بۆنە لە کوردستاندا ڕەنگ و بۆنێکی تایبەتیتر و جیاوازتر لە ڕابردوویان لەخۆ گرت. بۆ نموونە لە دوای دەسپێکی شۆڕشی ژینا، کە خەڵک پێشمەرگانە هاتنە مەیدان و لە بەرانبەر ڕێژیمدا ڕاوەستان، ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان زۆر جیاوازتر لە ساڵانی پێشووتر یادی کرایەوە، چونکە ئاراستەی ڕووداوەکان وایان کردبوو خەڵكی کوردستان پێشمەرگەئاسا لە مەیداندا بن و بەکردەوە پێشمەرگەی شار بن و هەوڵ بۆ ڕزگاریی خاک و نیشتمان بدەن. کەوابوو لەم پێناوەشدا شەهیدبوونیان وەک ڕووداوێکی پڕبایەخ چاوی لێ کرا و لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی کوردستاندا و بە حەماسەوە بە خاکی پیرۆزی نیشتمان سپێردران؛ حەماسەتێک کە دواتر لە کردەوە و هەڵسوکەوتی سیاسیی بنەماڵەکانیشیاندا درێژەی پێ درا.

هەر لە درێژەی ئەم شۆڕشەدا بوو کە هەموو بۆنە تایبەتەکان لە کوردستان، لە چییەتیی خۆیاندا گۆڕانێکی بنەڕەتییان بەخۆوە بینی و بوون بە دەرفەت، بۆ ئەوەی خەڵک بتوانن لەو بۆنانەدا بڕژێنە سەر شەقام و دژ بە ستەمکاری بوەستنەوە کە لەم چوارچێوەیەدا، ژنان ڕۆڵی تایبەتیان هەبوو.

لە درێژەی شۆڕشی ژینادا ژنان ڕۆڵیکی زۆر گرینگیان لە ئەستۆ بوو و توانییان بە کردەوە و پێشمەرئاسا لە مەیداندا بن. ئەوەی کە لە ماوەی شۆڕشی ژینادا ژنان کردیان بە دەگمەن لە کۆمەڵگەکانی دیکەدا دەبینرێت، ژنان هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە دژ بەم سیستمە ڕاوەستان و هاوشان لەگەڵ باقی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دژایەتیی ئەم ڕێژیمەیان کرد، کەوابوو ئەوەی کە لێیان چاوەڕوان دەکرا، هەر ئەوە بوو کە لە شۆڕشی ژینادا بینیمان.

ژنان یەکێک لەو توێژانە بوون کە لە درێژەی ئەم سەرهەڵدانەدا، توانییان ڕەنگ و بۆنی بۆنە تایبەتەکان بگۆڕن و ئاراستەی ڕووداوەکان بە قازانجی بزووتنەوەکە ببەنە پێشەوە.

دایکی شەهیدان، خوشکی شەهیدان، هاوسەر و کچی شەهیدان بە بەرزڕاگرتنی یادی ئازیزەکانیان لە ڕۆژی لەدایکبوونیان، یان لە ساڵوەگەڕی شەهیدبوونیاندا، حەماسەی نوێیان خولقاند و بە جۆرێکی تر توانییان ڕۆڵی سەرەکی لە درێژەدان بە شۆڕشەکەدا بگێڕن، لە ڕاستیدا مەرگی ئازیزەکانیشیان نەیتوانی ئەوان لە پیشەنگایەتی ڕاوەستێنێ. بەڵام ئەوەی کە گرینگە و ویستی ئەم وتارەیە، ڕۆڵگێرانی ژنان لە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی ئەمساڵدایە!

لە ١٠ی خاکەلێوەی ئەمساڵدا، جیا لەوەی کە هەموو ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە ڕاگیران، نوێکردنەوەی پەیمان لەگەڵ شەهیدانی کوردستان، لاپەڕەیەکی زیڕین لە ئیرادەی خەڵکی کوردستانی هەڵدایەوە.

کەس ناتوانێ نکۆڵی لە دڵ برینداربوون و زامداربوونی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان بکات، بەڵام بێگومان خۆڕاگری و پێداگرییان لەسەر ئەو ڕێبازەی کە ئازیزەکانیان لەپێناویدا گیانیان لەدەست داوە، بۆ ئەوان جێگای ڕێزە، هە ئەو ڕێزگرتنە لە باوەڕی ئازیزەکانیانە کە وای کرد ئەوان لە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەدا، سەرەڕای هەموو هەڕەشەکان، هەموو گوشارەکان و هەموو سەختییەکان، بە چوونە سەر مەزاری شەهیدەکانیان و بە ئیرادە و خۆڕاگرانە، لەم بۆنەیەدا، حەماسەیەکی نوێ بخوڵقێنن.

ژنانی کوردستان لە هەموو ساڵانی ڕابردوودا، پاڵپشت و ورەی پشت سەنگەری خەبات بوون، بەڵام دۆخی کۆمەڵگە لە شۆڕشی ژینادا وای کرد کە ژنان ئەمجارە لە بەرەی پێشەوەی سەنگەردا جێ بگرن و بوێرانە دژ بە ڕێژیم ڕاوەستن.

چوونەسەر مەزاری شەهیدان، لە کۆمەڵگەی کوردستاندا کە خاڵی دەسپێکی شۆڕشی ژینا بوو و ڕێژیمی لە ڕووخان نزیک کردبووەوە، تەنیا کردەوەیەکی ئاسایی بۆ یادکردنەوەی شەهیدان نییە. لە ڕاستیدا ئەمە لە جۆری خۆیدا شۆڕشێکی نوێیە.

پاش شۆڕشی ژینا ڕێژیم سەر مەزاری شەهیدەکانی بە کامێرای چاوەدێری خستە ژێر چاوەدێریی خۆیەوە تاکوو بە خەیاڵی خۆی خەڵک چاوترسێن بکات، بەڵام بنەماڵەی شەهیدان و بەتایبەتیش ژنان بە ڕچەشکێنی توانییان ترس و دڵەڕاوکێی خەڵک بشۆنەوە و بوێرانە لەسەر مەزاری ئازیزەکانیان، لە ١٠ی خاکەلێوەدا یادیان بەرز ڕابگرن و پێیان بڵێن ڕێگاتان هەتا گەیشتن بە سەربەستی درێژەی هەیە.