ئەلبورز ڕوویینتەن
تابلۆی نوێبوونەوەی ساڵی نوێ لە کوردستان و لەنێو کورداندا تەنیا بووژانەوەی سروشت و شادیی هاتنی مژدەی بەهاری سروشت نەبوو، بەڵکوو نواندنی بەرخودانێک بوو، کە هاواری ئازادیخوازی، بەردەوامیی ژن، ژیان، ئازادی بە هێمای جامانە و هەوریی خاکیپۆشانی لە خۆیدا بەرجەستە کردبوو.
ئەوەی لە ڕۆژانی ڕابردوو لە کوردستان دیترا حەماسەیەک بوو کە لە ئەفسانە دەچوو، و جارێکی دیکە سەلماندی ئازایەتی و ئازادیخوازیی کوردان ئەفسانە نییە، بەڵکو تایبەتمەندیی گەلی کورد و شێوەی بیرکردنەوەی و فەلسەفەی ژیانیەتی، و بەردەوام لەسەر بەرد و تەختی نیشتمان وەک تابلۆی بەرخودان دەینەخشێنێ.
تابلۆی بەرخودانی ئەو گەلە گەلێک تایبەتمەندی لە خۆیدا هەڵگرتبوو، بەڵام ئەگەر دیارترین ئەو تایبەتمەندییە نیشان بدەین دەتوانین ئاماژە بە یەکگرتوویی و هاوبەشی لە بەڕێوەبردنی نەورۆزدا بکەین، بە جورێک لە خوارووی باشوری ڕۆژهەڵات بگرە تا دەگاتە باکوری ڕۆژهەڵات یەکڕەنگ و یەکدەنگ بەڕێوە چوو، و ئەوەش سەلماندی کە ڕۆژهەڵات هەموو سنوورێکی لە نێوخۆیدا لە پێناو یەکگرتووی زیادتر سڕیوەتەوە و سەرتاسەری کوردستان یەکپارچە یەک هاوارە، ئەویش هاواری ئازادی.
ئەو یەکپارچەییە تەنیا لە کوردستان نا بەڵکوو لە هەر شوێنێک کوردی لێ بێ خۆی نواند و نیشانی دا کوردانی تاران یا خوراسان، باشوور یا دیاسپۆرا بە گشتی ئیلهام لە ڕۆژهەڵات وەردەگرێ و بە ڕەنگ و دەنگی ڕۆژهەڵات هاوکات و هاوشێوە دەردەکەوێ و ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێ کە ئیتر یەکپارچەیی و یەکگرتوویی کورد ئەگەر لە کوردستان هەڵقوڵاوە بەڵام لە هزری هەر کوردێک لە هەر شوێنێکی جیهاندا بێ چەسپاوە، ئەوەش بەڵگەیە کە بەو پێکەوە بوونەوە هێزمان زیادتر و زیادتر دەبێ.
گرینگترین تایبەتمەندی تابلۆی بەرخودان واتە نەورۆزی کوردان لە ڕۆژهەڵات بەشداری و پەیامی پڕ واتای بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان لە نەورۆز و لە دەی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدان بوو کە ببووە قەڵای باوەڕ و ئیرادە و قەڵغانی بەرخودانێک کە پەیامی بەردەوامی شۆڕشی پێ بوو هەتا هاوار بکات کە بەرخودان ناوەستێ، ڕێبازی شەهیدان بەردەامە، تا ئامانجی شەهید بەدی نەیێ کورد و کوردستان لە خەبات ناوەستێ.
ئەو بەرخودانەی بنەماڵەی شەهیدان لە ژێر حوکمی قاتڵان و تیرورستان مومکین نییە ئەگەر ئیرادەیەکی وا بەهێزی ئەو بنەماڵانە نەبێت، هەر ئەو ئیرادەیەشە کە لە ١٠ی خاکەلێوە ئەو ڕاستییەی سەلماند کە پەیامی پێشەوای نەمر کە خۆی کردە گیانفیدای خاک و نەتەوەکەی ئیتر ئەمڕۆ بوە بە کولتوور و بەشێک لە ژیان و بەرخودانی گەلی کورد.
تابلۆی بەرخودانی نەورۆز لە ڕۆژهەڵات پەیامی شکستی ڕێژیمی ڕاگەیاند، چونکە نیشانی دا خاوەن دەسەڵاتی تاران خۆی بە سەرکوت و زیندان و ئەشکەنجە و تەنانەت مووشەک بەهێز دەبینی، بەڵام ناتوانێ پێشی بە بەڕێوچوونی بە شکۆی تابلۆی نەورۆزی بەرخودان بگرێ، ئەوەش بەڵگەیە کە ڕێژیم شکستی خواردوە و هەر ئەو شکستانەشە شکستی کۆتایی ئەو بەدوا دێنێ.
تابلۆی بەرخودانی نەورۆز ئەو ڕاستییەشی سەلماند کە هێرشە هەموو جورە بۆ سەر تێکۆشەرانی گەل و نیشتمان و حیزب و لایەنە سیاسییەکان و بەتایبەتی حیزبی پێشەوای نەمر، حیزبی دێموکرات، لە ئیلام و کرماشان و سنە و ورمێ و هەموو کوردستان بێ وەڵام نامێنێتەوە، بەڵکو ئەوانە هێزی گەلن و گەل خاوەندارییان دەکات و گەلیش دەبێتە قەڵغانی هێرشەکانی ڕێژیم و لە کۆتاییشدا سەری ڕم دەبن بۆ نەهێشتنی تەختی زۆرداری.
ئەو تابلۆیە پڕ لە واتایەی بەرخودانی نەورۆز بۆ خۆمان و شۆڕش بۆ ئازادیخوازانیش پەیامێکی زۆر بەهێزی پێ بوو، کە دەیگووت کوردستان ئامادەیە و لە هەمیشە بەهیواتر بۆ سەرکەوتن، ئەو پەیامە زۆر سەنتێزی بۆ خەبات و تێکۆشان تێدایە، کە دەتوانێ چوارچێوەی سەرکەوتنی شۆڕشێک دیار بکات، کە دیکتاتوری بە هەموو ڕەنگ و شێوە لە هەر شوێنێک بێ ئەگەر بەدژی نەتەوەی کورد و نیشتمانەکەی کوردستان بێ ئەوا لە ڕیشە دەردێنێ. ئەوە پەیامی هاوارێک بوو لە شاخەکان، بەگەرمی و ڕوونی مەشخەڵی ئاگری نەورۆز و گوتی کوردستان ئامادەیە.