کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هەڵمەتێکی ژینگەپارێزیدا زیاتر لە ٦٠٠ نەمام لە قەڵای مەریوان چێندرا

13:49 - 18 خاکەلێوه 2724

ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی چیای سەوزی مەریوان لە ڕاستای ژیاندنەوەی سروشت و دارستانەکانی ناوچەی مەریوان بە هاوکاریی خەڵک و ژینگەپارێزان هەڵمەتێکی نەمام چاندنی لە قەڵای مەریوان بەڕێوە برد.

لەو هەڵمەتە ژینگەپارێزییەدا کە ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی خاکەلێوە بەڕێوە چوو، زیاتر لە ٦٠٠ نەمامی بەڕوو و قەزوان لە قەڵای مەریوان چێندران.

دارستانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی ئاگرتێبەردان و بڕین و بەتاڵابردنیان بە خێرایی خەریکە لەنێو دەچن، لەو ڕاستایەدا ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکانی کوردستان و چالاکوانانی ژینگە هەوڵ دەدەن پێش بە کارەساتی ژینگەیی لە کوردستان بگرن.

لە ساڵانی ڕابردوودا، لە شارە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر هەڵمەت بۆ چاندنی بەڕوو و پاراستنی دارستانەکان بەڕێوە چووە و ژمارەیەکی زۆری ڕێکخراوە ژینگەییەکان لەم بوارەدا چالاک بوون.

جێگای ئاماژەیە کە لە هاوینی ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٦٠٠ هێکتار لە دارستانەکانی مەریوان بە هۆی ئاگرکەوتنەوە بەئەنقەستەکان کە لە زۆربەیاندا دەستوپەیوەندییەکانی ڕێژیم دەستیان بووە، لەنێو چوون.