کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی ژمارەیەک لە فەرماندەکانی سپای پاسداران لە دەمیشق لە ئاکامی هێرشی ئیسرائیل

10:38 - 14 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی دووشەممە  ١٣ی خاکەلێوە لە ئاکامی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی ڕێژیمی ئێران لە دەمیشق ژمارەیەک لە فەرماندەکانی سپای پاسداران کوژران. بە وتەی بەرپرسانی دەمیشق، فڕۆکە ئیسرائیلییەکان باڵەخانەیەکی تەنیشت کونسوڵخانەی ڕێژیمی ئێرانیان کردووەتە ئامانج  کە بەرپرسانی باڵای ناوچە لێی کۆدەبوونەوە و دیداریان هەبووە.

سپای پاسداران بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیندراوێک کوژرانی حەوت فەرماندەی سپای پاسداران لەم هێرشەدا پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند کە کوژراوەکان بریتین لە سەرتیپ محەممەدهادی حاجی ڕەحیمی، پاسدار محەممەد ڕەزا زاهدی، یەکێک لە ڕاوێژکارە باڵاکانی سەربازی ڕێژیمی ئێران لە سووریه هەروەها پێنج ڕاوێژکار و ئەو ئەفسەرانەی کە لەگەڵیان بوون بە ناوەکانی حوسێن ئامانوڵڵاهی، سەید مێهدی جەلالەتی، موحسین سداقەت، عەلی ئاغا بابایی و سەید عەلی ساڵحی ڕوزبێهانی.

حوسێن ئەکبەری، باڵوێزی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران لە سووریە ڕایگەیاند کە بینای تەنیشت کونسوڵخانەی ئێران بە شەش مووشەک کراوەتە ئامانج و هەموو ئەوانەی وا لەوێ ئامادەبوون کوژراو و بریندار بوون.

لە لایەکی دیکەوە حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران خوازیاری وەڵامدانەوەی جیددی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەم هێرشە بوو.

لە بارەی ئەو هێرشەوە ئاژانسێکی فەڕانسی پشتڕاستی کردەوە کە بینای تەنیشت کونسوڵخانەی ئێران لە دەیمشق بە تەواوی وێران بووە. هەروەها تۆڕی تەلەفزیۆنی ''ئای ٢٤'' بە ڕاگەیاندنی هەمان هەواڵ بە گێڕانەوە لە میدیا عەرەبییەکان زیادی کرد کە جگە لە کۆنسوڵخانەی ئێران، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر ماڵی باڵوێزی ڕێژیمی ئێران لە دەمیشق و ڕۆیتێرزیش هەواڵی کوژرانی محەممەدڕەزا زاهدیی پشتڕاست کردەوە.