کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گۆترێش: هیچ شتێک ناتوانێت پاساو بۆ دڕندەیی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەردا، بهێنێتەوە

11:40 - 19 خاکەلێوه 2724

دوای شەش مانگ لە هێرشە تیرۆریستییەکەی گرووپی حەماس بۆ سەر باشووری ئیسرائیل، ئانتۆنیۆ گۆترێش سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ٧ی ئۆکتۆبەری بە ڕۆژی ئازار بۆ ئیسرائیل و جیهان وەسف کرد.

گۆترێش لە لێدوانێکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس بڵاوی کردووەتەوە، ڕایگەیاندووە، خۆی و نەتەوە یەکگرتووەکان ماتەمینی بۆ ئەو ١٢٠٠ کەسە دەگێڕن کە زۆربەیان مەدەنین و کوژراون".

ناوبراو وتی: هیچ شتێک ناتوانێت پاساو بۆ ئەو دڕندەییەی حەماس کە لە ٧ی ئۆکتۆبەردا وەڕێخست، بهێنێتەوە.

لەم گرتە ڤیدیۆییەدا سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەکارهێنانی توندوتیژی سێکسی و ئەشکەنجەدان و بریندارکردن و ڕفاندنی خەڵکی مەدەنی و هاویشتنی مووشەک بۆ ئامانجە مەدەنییەکان و بەکارهێنانی قەڵغانی مرۆیی شەرمەزار دەکات و دەڵێت: داوای ئازادکردنی بێ مەرجی هەموو ئەو بارمتانە دەکەم کە هێشتا لە دەستی حەماس و گرووپە چەکدارەکانی دیکەدان."

چەکدارەکانی حەماس لە هێرش بۆ سەر ئیسرائیل لە ١٥ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٥٠ کەسیان لە باشووری ئیسرائیل بە بارمتە گرت و بۆ غەززەیان ڕاگواستن.

دواتر ژمارەیەک لە بارمتەکان لە ماوەی حەوتوویەک ئاگربەستدا ئازاد کران، بەڵام زیاتر لە ١٠٠کەس لە دەستی حەماس و گرووپی جیهادی ئیسلامی فەلەستینیدا مانەوەتەوە. بەپێی زانیارییەکان، پێدەچێت بەشێک لەو بارمتانە کوژرابێتن.

جێگەی ئاماژەیە کە هەوڵەکان بە نێوبژیوانی وڵاتانی میسر، قەتەر و ئەمریکا بۆ ئازادکردنی ئەو بارمتانە هەروا بەردەوامە.