کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی حراسەت بۆ سەر کۆبوونەوەی کرێکارانی پۆڵای ئەهواز

12:34 - 19 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی شەممە ١٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، ژمارەیەک لە کرێکارانی گرووپی پۆڵای ئەهواز کە بە هۆی ناڕەزایەتییەکانیانەوە لە ماوەی ڕابردوودا لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە کارەکانیان دوور خرانەتەوە، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ گەڕانەوەیان بۆ سەر کارەکانیان و وەک  ناڕەزایەتی نیشاندانێک بڕیاریان دابوو کە بەرامبەر بە دەرکردنیان لە بەردەم کۆمپانیاکە مان بگرن و بە هەڵدانەوەی چادر لەوێ بمێننەوە، بەڵام هێزەکانی حیراسەت و هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم هێرشیان کردبووە سەریان.

لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە بڵاو کراوەتەوە یەکێک لە کرێکارانی ناڕازیی گرووپی پۆڵای ئەهواز دوای هێرشی هێزەکانی حیراسەت هاوار دەکاتو  دەڵێ سەدان چادر دەهێنم و لێرە دایاندەنێم و دەمێنمەوە.

هەروەها ئەو کرێکارانەی کە لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە و بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانیان لەبەردەم ئەو کۆمپانیایە کۆببوونەوە، پێشتریش بە دانانی چادر لە بەردەم دەرگای کۆمپانیاکە دانیشتن و مانیان گرتبوو.

دوای هێرشی هێزەکانی حیراسەت بۆ سەر کرێکاران لاپەڕەی تایبەت بە دەنگی کرێکاران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەو کارەی هێزەکانی حراسەتیان بە کارێکی نامرۆڤانە و بێشەرمانە ناو بردووە و ڕایگەیاندووە کە ئەو کارە لەلایەن کرێکارانەوە بێ وڵام نامێنێتەوه‌.

پێشتر لە ڕەشەمەی ١٤٠٢دا کرێکارانی گرووپی پۆڵای ئەهواز بۆ ماوەی چەند ڕۆژ بە نیشانەی ناڕەزایەتی دژی هەڵپەساردنیان لە کار، قەدەغەکردنی هاتنی بەشێک لە کرێکارە ناڕازییەکان بۆ سەر کارەکانیان و بەڕێوەنەچوونی پلانی دیاریکردنی ئاستی کار بەردەوام کۆبوونەوەیان بەڕێوە دەبرد، بە دوای ئەو کۆبوونەوانە بەرپرسی کۆمپانیا و بەڕێوەبەری حیراسەتی کۆمپانیا ئەو کرێکارانەی لە کارەکانیان دوور خستەوە.

لەلایەکی دیکەوە  و هەر لە هەمان ڕۆژدا کارمەندانی پارێزگاری ئیلام کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان بەڕێوە برد.

ئەو کۆبوونەوەیە لەمەڕ ناڕەزایەتی نیشاندان بە کەمیی مووچە و حەقدەستی کارمەندانی ئەو ئیدارەیە بەڕێوە چووە.

کارمەندانی پارێزگاری ئیلام داوایان لە بەرپرسانی پەیوەندیدار کردووە کە ئاگاداری ویست و داواکارییەکانیان بن.