کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامبوونی حوسییەکان لە هێرش بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور

16:16 - 19 خاکەلێوه 2724

حوسییەکان لە هێرش بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور بەردەوامن و ڕۆژی شەممە ١٨ی خاکەلێوە لە نزیکیی بەندەری ئەلحودەیدە کەشتییەکی بارهەڵگرییان کردووەتە ئامانج.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز لە زاری کۆمپانییەکی ئەمنییەتی دەریایی بریتانیایی، دوو مووشەک لە نزیکی کەشتییەکی بارهەڵگر لە دەریای سوور کەوتوونەتە خوارەوە بەڵام هیچ زیانێک بەر کەشتییەکە نەکەوتووە.

ڕاپۆڕتەکە زیادی کردووە کە هاوپەیمانی بە ڕێبەرایەتی ئەمریکا یەکێک لە مووشەکەکانی خستووەتە خوارەوە و مووشەکەکەی دیکەش لە نزیکی کەشتییەکە هاتووەتە خوارەوە و زیانێک بەر کەشتییەکە نەکەوتووە.

عەبدولمالک ئەلحوسی ڕێبەری چەکدارانی ئەنساروڵڵا کە بە حوسییەکان دەناسرێن ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاندبوو کە لە چەند مانگی ڕابردوودا هێزەکانیان ٩٠ کەشتییان لە دەریای سوور کردووەتە ئامانج و لە بەرامبەریشدا ئەمریکا و بریتانیا ٣٧ کەس لە هێزکانیانی کوشتووە و ٣٠ دیکەش بریندار بوونە.

ئەلحوسی زیادی کردووە کە هێرشەکانیان بە مووشەکی بالستیک و دڕۆن ئەنجام داوە و لە یەک مانگی ڕابڕدووشدا بۆ ناوچەکانی دیکە پەرەی سەندووە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە پاش هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و بریتانیا و ژمارەیەک لە وڵاتانی هاوپەیمان بۆ سەر بنکە و بارگاکانی ئەم گرووپە تێرۆریستییەی، تا ڕادەیەک کەمی کردووەتەوە بەڵام هەر بەردەوامە.

گرووپی تێرۆریستییی حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت، پاش دەسپێکی شەڕی ئیسرائیل و حەماس، لەژێر ناوی پشتیوانیکردن لە خەڵکی فەلەستین هێرش دەکەنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و تاکوو ئێستا لە ئاکامی هێرشەکانیان ٣ کەشتیوان گیانیان لەدەست داوە و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوونە.