کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوپەیمانیی چین و ڕووسیە و ئێران بە دژی ڕۆژاوا

16:17 - 19 خاکەلێوه 2724

سەرۆکی گشتیی ڕیکخراوی ناتۆ لە وتووێژێک لەگەڵ کاناڵی بی بی سی سەبارەت بە هاوکاریی و نزیکبوونەوەی سێ وڵاتی دەسەڵاتخوازی چین، ڕووسیە و ئێران بە دژی دێمۆکراسییەکانy ڕۆژاوا هۆشداری دا.

یەنس ستۆڵتنبێرگ لە وتووێژەکەیدا بە ئاماژەدان بەوەی کە جیهانی ئەمڕۆ، جیهانێکی زۆر مەترسیدارتر، توندوتیژتر و چاوەڕواننەکراوتر لە جارانە ڕایگەیاند "هاوپەیمانیی وڵاتانی دەسەڵاتخواز کە ڕۆژبەڕۆژ زیاتر پشتیوانی لە یەکتر دەکەن و لێک نزیک دەبنەوە، مەترسیدارە".

ستۆڵتنبێرگ لە شیکاریی قسەکانیدا زیادی کردووە کە "چین پشتیوانی لە ئابووریی ڕووسیە لە شەڕدا دەکات و پێداویستییە سەرەکییەکانی لە بەشی بەرگرییدا دابین دەکات و لە بەرامبەریشدا مۆسکۆ داهاتووی خۆی پێشکەش بە پێکەن کردووە".

 هەروەها ڕووسیە لەپێناوی وەرگرتنی چەکوچۆڵ لە ئێران و کۆرەی باکوور بۆ شەڕی ئۆکراین، تێکنۆلۆژیی و زانست بەو دوو وڵاتە دەدات.

سەرۆکی گشتیی ناتۆ جەختی کردووەتەوە کە دەبێت ئەو ڕێکخراوەیە لە ڕێگەی هاوکاریکردن و یارمەتیدانی وڵاتانی وەک ژاپۆن و کۆرەی باشوور کە بەشێک لە ناتۆ نین بەرەنگاری ئەو هاوپەیمانییە دەسەڵاتخوازانە ببێتەوە.

ڕۆژی پێنجشەممەی حەفتەی ڕابردوو بە بۆنەی ٧٥ـەمین ساڵی دامەزراندنی ڕێکخراوی هاوپەیمانیی ئاتلانتیکی باکوور "ناتۆ" ڕێوڕەسمێک بە بەشداریی نوێنەرانی وڵاتانی ئەندام لەو ڕێکخراوەیە لە برووکسێل و لەژێر سێبەری شەڕی ڕووسیە بە دژی ئوکراین بەڕێوەچوو.

لەو ڕێوڕەسمەدا نوێنەرانی وڵاتەنی ئەندام بەڵێنیان دا کە درێژە بە پشتیوانیکردن لە ئۆکراین لەو شەڕەدا ئەدەن.

شایانی باسە کە بە وتەی پووتین سەرۆککۆماری ڕووسیە یەکێک لە هۆکارە سەرکییەکانی هێرش بۆ سەر ئۆکراین، پێشگرتن بە سنوورەکانی ناتۆ لە نزیکیی ڕووسیە بوو.

 

ئوکراین زیاتر لە دەیەیەک هەوڵی داوە کە ببێتە ئەندامی ناتۆ بەڵام تاکوو ئێستا وەک ئەندامی ناتۆ وەرنەگیراوە.

ئانتۆنی بلینکێن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی خاکەلێوە ڕایگەیاندبوو کە ئوکراین پشتیوانیی بەهێزی وڵاتانی ناتۆی لە پشتدایە و لە کۆتاییدا دەبێتە ئەندامی ناتۆ.