کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەسەن نەسروڵڵا: ئێران وڵامی سەربازی هێرشەکانی ئیسرائیل لە ناوچەدا دەداتەوە

16:20 - 19 خاکەلێوه 2724

حەسەن نەسروڵڵا، سەرۆکی حیزبوڵڵای لوبنان لە پەیامێکی تلویزیۆنیدا، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دەمیشقی بە خاڵی وەرچەرخانێکی گرینگ لە شەڕی ئێستای نێوان ئیسرائیل و حەماس ناو برد و جەختی لەوە کردەوە کە ڕێژیمی ئێران وڵامی سەربازیی هێرشەکەی ئیسرائیل دەداتەوە.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، دوابەدوای وڵامدانەوەی سەربازیی تاران بە ئیسرائیل، ناوچەکە دەچێتە ناو شەڕێکی سەرتاسەرییەوە. و هەروەها نەسروڵڵا هۆشداری دا کە حیزبوڵڵا لە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل ناترسێت و بۆ هەر چەشنە شەڕێک لەگەڵ ئیسرائیل ئامادەیە.

دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل و ئەمریکا ڕایانگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران لە وڵامی هێرش بۆ سەر کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە دەمیشق بڕیارە ڕاستەوخۆ بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک وەک تۆڵەسەندنەوەیەک هەندێک شوێن لە ناو خاکی ئیسرائیل بکاتە ئامانج، هەروەها لەم پێوەندیەدا بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بە دووری نەزانیوە کە ئێران هێزەکانی ئەمریکاش لە ناوچەدا بکاتە ئامانج.

یۆئاو گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە وڵامی هەر هێرشێک  لە هەر ئاستێکدا بێت بداتەوە  و ڕایگەیاند کە  ئیسرائیل لەهەر شوێنێک بە پێویست و بە شیاوی بزانێت لەگەڵ دوژمن شەڕ دەکات، جا چ لە دەمیشق بێت یان بەیرووت.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری دوو بەرپرسی ڕێژیمی ئێرانەوە نووسیویەتی، ئێران بە مەبەستی دروستکردنی ڕێگرییەکی بەهێز، بڕیاری داوە ڕاستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل. هەروەها بەرپرسێکی باڵای حکوومەتی ئەمریکا لە وتووێژێکدا لەگەڵ "سی ئێن ئێن" ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا خۆی بۆ هێرشێکی قورس ئامادە دەکات و لە ڕوانگەی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە وڵامدانەوەی سەربازی لەلایەن تارانەوە حەتمییە.

لە لایەکی دیکەوە لە کۆتا پەیوەندی تلفۆنیی بێنیامین نێتانیاهۆ لەگەڵ جۆ بایدێن، لە کۆبوونەوەی کابینەی ئاسایشی ئیسرائیل، نێتانیاهۆ وتی: ساڵانێکە ڕێژیمی ئێران ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگەی هێزە نیابەتییەکانیەوە ئیسرائیل دەکاتە ئامانج و لە ئەنجامدا ئیسرائیل بە شێوەیەکی شەڕەنگێزانە بەرگری لە خۆی دەکات و هێرش دەکاتە سەر ڕێژیمی ئێران و هێزە نیابەتییەکانی،  نێتانیاهۆ لە درێژەدا جەختی لەوە کردەوە کە هەرکەسێک لە دژی ئیسرائیل هەوڵێک بدات یان نیازێکی لەو شێوەیەی هەبێت، ئیسرائیل وڵام و کاردانەوەی دەبێت.