کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوای هێرش بۆ سەر کونسولگەریی ئێران لە دەمیشق، ڕێژیم کارداری سویسی بۆ گەیاندنی پەیامێک بە ئەمریکا بانگ کرد

11:07 - 14 خاکەلێوه 2724

پاش هێرشی ڕۆژی ڕابڕدووی ئیسرائیل بۆ سەر کونسولگەریی ڕێژیم لە دەمیشق و کوژرانی ژمارەیەک لە فەرماندە و ئەندامانی سپای قودس، وەزیری دەرەوەی ڕێژیم باسی لە بانگێشتی کارداری باڵوێزخانەی سویس لە تاران و ناردنی پەیامێکی گرینگ بۆ ئەمریکا کردووە.

حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان لە هەژماری ''ئیکس''ی خۆیدا ڕایگەیاندووە کە لە ڕێگەی کارداری سویسەوە پەیامێکی گرینگیان بۆ ئەمریکا کە پشتیوانی ئیسرائیلە ناردووە و جەختیان کردووەتەوە کە ئەمریکا دەبێت وڵامدەر بێت.

ئەمیرعەبدوڵڵاهیان ئاماژەی بەوە کردووە کە کارداری باڵوێزخانەی سویس وەک پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ئێران دایە و بە مەبەستی ناڕەزایەتی سەبارەت بر هێرشکردنە سەر کونسولگەریی کۆماری ئیسلامی لە دەمیشق، بانگ کراوە.

لەلایەکی دیکەوە زەهرا ئێڕشادی باڵوێز و جێگری نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە شۆرای ئەمنییەتی ئەو ڕێکخراوەیە کردووە تاکوو هێرشەکە بە توندترین شێوە مەحکووم بکات و هەروەها دانیشتنێکی بەپەلە بە مەبەستی لێپرسینەوە لە ئیسرائیل ڕێک بخات.

لە بەرامبەردا دانیەل هاگاری وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە سەبارەت بەو هێرشە هیچ لێدوانێک نادات.

پێشتریش ئیسرائیل سەبارەت بەم چەشنە هێرشانە، زۆربەی کات هیچ لێدوانێکی نەداوە و ئەمجاریش هێرشەکەی ڕەت یان پشتڕاست نەکردووەتەوە.

شایانی باسە کە هێرشی ١٣ی خاکەلێوەی ئیسرائیل بۆ سەر کونسولخانەی ڕێژیم لە دەمیشق پاش ئەوە بوو کە ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەو دڕۆنەی کە بنکەیەکی هێزە دەریاییەکانی ئەو ولاتەی ڕۆژی یەکشەممە کردووەتە ئامانج، دروسکراوی ئێران بووە و ڕێژیمی ئێران لە پشتی هێرشەکەدا بووە.