کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشە بۆ سەر ئەمریکاییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەردەوامە

11:22 - 20 خاکەلێوه 2724

مایکل تێرنێر بەرپرسی کۆمیتەی زانیارییەکانی پارلەمانی ئەمریکا سەبارەت بە هەڕەشەی بەردەوام بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هۆشداریی دا.

بەپێی ڕاپۆڕتی ڕۆژنامەی "هێڵ"ی ئەمریکا مایکێل تێرنێر لە وتووێژێک لەگەڵ کاناڵی سی ئێن ئێن ڕایگەیاندووە "ئاگادار بن لەکاتێکدا کە میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی درێژەیان بە هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە داوە، دەوڵەتی جۆ بایدێن بە خاوی کاردانەوەی هەیە و لە کۆتاییدا و پاش هێرشەکانی ئەوان وڵام ئەداتەوە".

هەروەها تێرنێر لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە ئاماژەدان بە ڕاگواستنی چەکوچوڵی ئەمریکایی لە چەند مانگی ڕابڕدوو بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕایگەیاند کە ئەمریکا ئەو چەکوچۆڵانەی بردووەتە ناوچەکە تاکوو کۆماری ئیسلامی لە شەڕی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل بترسێنێت.

هێرشی میلیشیاکانی ڕێژیم بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا پاش دەسپێکی شەڕی غەززە زیاتر لە هەموو کاتێک پەرەی سەند، تاکوو لە هێرشێکی دڕۆنیدا بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە ئۆردۆن، ٣ کەس لە هێزەکانی ئەمریکا کوژران و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.

پاش ئەو هێرشە ئەمریکا چەند هێرشێکی ئاسمانیی قورسی بۆ سەر میلیشیاکانی ڕێژیم لە عێراق، سووریە و یەمەن ئەنجام دا.

لە دوای وڵامی قورسی ئەمریکا میلیشیاکانی ڕێژیم هێرشەکانیان ڕاگڕت، بەڵام پاش هێرشی حەفتەی ڕابردووی ئیسرائیل بۆ سەر کونسولخانەی ڕێژیم لە دەمیشق، مەترسییەکان بۆ جارێکی تر سەبارەت بە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە زیادی کردووتەوە.

ئەمە لەکاتیکدایە کە پێشتر چەند جار بەرپرسانی ئەمریکا، ڕاشکاوانە ڕایانگەیاندووە کە ئەمریکا هیچ پێوەندییەکی بەو هێرشەوە نەبووە.

لە ماوەی یەک حەفتەی ڕابردوودا بەرپرسانی باڵای ڕێژیم و خامنەیی بەردەوام لە وتارەکانیاندا هەڕەشەیان لە ئیسرائیل و ئەمریکا کردووە کە تۆڵەی کوژراوەکانی هێرش بۆ سەر کونسولخانەی دەمیشقیان لێ دەکەنەوە.