کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسی ستادی سپای ئیسرائیل: بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران ئامادەین

11:33 - 20 خاکەلێوه 2724

بەرپرسی ستادی سپای ئیسرائیل هێرتزی هالوی ڕایگەیاند کە ئەرتەشی وڵاتەکەی ئامادەیی تەواوی بۆ وڵامدانەوەی هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران لە کاردانەوە بە کوژرانی ژمارەیەک لە فەرماندەکانی سپای پاسدارانی ئێران لە پایتەختی سووریە هەیە.

هەروەها ناوبراو وتیشی کە هیچ هۆکارێک بۆ ترس و دڵەڕاوکێ نییە و پێویستە ئیسرائیل ئاگاداری دۆخەکە بێت و هەمیشە ئامادە بێت.

لەو پێوەندیەدا ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیلی ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل لە شەڕێکی چەند لایەنەدایە.

هەروەها فەرماندەیەکی سەربازیی ئیسرائیل وتی: هێزەکانی سپای ئیسرائیل لە هەموو ناوچەکان، لە باشوور، باکوور، و لە ناوچە دوورەکان ئامادەن و چالاکی دەکەن. هەروەها وتیشی سپای ئیسرائیل دەزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئێران بکات لە هێرش و بەرگریدا، و سیستەمی بەرگری باشمان هەیە، دەزانین چۆن لە شوێنە دوور و نزیکەکاندا بە هێزەوە بەرامبەر ئێران مامەڵە بکەین.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، لە سەرەتای شەڕی غەززەوە، ئێران هەوڵی داوە خۆی لە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ بپارێزێ و بە نهێنی کار بکات بەڵام بە وتەی ئەو، ئیسرائیل دەزانێت کە ڕێژیمی ئێران لە، ئاراستەکردنی دارایی و گواستنەوەی زانیاری بۆ هێزەکانی نیابەتییەکانی خۆی وەکوو حیزبوڵڵا چالاکانە لە ناوچەکەدا هەنگاو دەنێت.

هێرتزی وتی کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران نەک هەر لە دژی ئیسرائیل، بەڵکوو هەڕەشەیەکە بۆ سەر هەموو جیهانی ڕۆژاوا و عەرەب، و بووەتە کێشەیەکی گەورەی جیهانیی.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەداش ئاماژەی بەوە کرد کە ئیسرائیل هاوکاریی ئەمریکا و هاوبەشە ستراتیژییەکانی لە ناوچەدا دەکات.