کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزەکانی ئەمریکا سیستەمێکی مووشەکیی حوسییەکانی لەنێو برد

11:59 - 20 خاکەلێوه 2724

فەرماندەیی ناوەندیی نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سێنتکام ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکانی یەمەن ڕۆژی شەممە ١٨ی خاکەلێوە سیستەمێکی مووشەکیی گەڕۆکی حووسیەکانیان لەنێو بردووە.

لەو پێوەندییەدا ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی خاکەلێوە سێنتکام بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک باسی لەوە کردووە کە هێزەکانی ئەمریکا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان لە دەریای سووردا خستووەتە خوارەوە و کەشتییەکی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەدواداچوونی بۆ مووشەکێکی دژە کەشتیی کردووە و لەنێوی بردووە.

ئەو مووشەکە دژە کەشتییە کە لەلایەن ئامریکاوە تێکشکێندرا بە شێوازێک درووست کرابوو کە تایبەت بوو بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە گەورە و بارهەڵگرەکان.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی یەکشەممە، ١٩ی خاكه‌لێوه‌، حوسییەکان ڕایانگەیاند کە هێرشیان کردووەتە سەر ژمارەیەک کەشتی ئەمریکایی، بریتانی و ئیسرائیلی.

بەپێی ڕاگەیاندنی حوسییەکان کەشتییەکی بریتانی و ژمارەیەک کەشتیی جەنگی ئەمریکایی لە دەریای سووردا و دوو کەشتی ئیسرائیلی کە بەرەو قەراغ ئاوەکانی ئیسرائیل لە دەریای عەرەبی و زەریای هیندیدا دەڕۆیشتن کراوەنەتە ئامانج.

لە بارەی ئەو هێرشانەوە یەحیا سەریع، وتەبێژی گرووپی چەکداری حووسییەکان لە چاوپێکەوتنێکی تلویزیۆنیدا بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر لەبارەی هێرشەکانەوە بخاتە ڕوو ڕایگەیاند کە ئەو هێرشانە لە ماوەی ٧٢ کاتژمێری ڕابردوودا ئەنجام دراون.