کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەمای سنوور

12:04 - 20 خاکەلێوه 2724

دیاکۆ ڕۆژهەڵاتی

دەڵێن کاتێک سێڵاو هەڵدەستێت چۆم سنووری خۆی دیاری دەکات و ئەو کەسانەی کەوشەنیان پەڕاندوە و زیادەڕەوییان کردوە و هاتوونەتە نێو خاکەکەیەوە ڕادەماڵێت و تێکەڵی قوڕ و لیتەیان دەکات. لەو ڕۆژانەشدا لە بەرەبەری نەورۆزی ٢٧٢٤ کوردیدا گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەستی‌دایە کارێکی گرینگ و نەتەوەیی و ئەو پێناسەی بە سەدان ساڵ دۆژمنەکانی بە زۆری چەک و قەڵەم و دەهۆ لێیان ئەستاندبۆوە وەرگرتەوە.

نەورۆزی ئەم ساڵ بووە نەورۆزی جامانەبەدەستان و خاکی‌پۆشان. جامانە بووە هێمای ئاڵای نەتەوەیی و جلوبەرگی خاکییش وەک ڕەمزی خەبات و تێکۆشان لەبەر کرا. ئەم شایی و هەڵپەڕکێیە بەشێوەیەک پەرەی سەند کەم دەڤەر لە کوردستان لێی بێ‌نەسیب بوو. دەبێ بەبێ ترس بڵێن: ئەو سێڵاوە نەتەوەییەی ئەم ساڵ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەستا بە هەڵپەڕکێی خاکی‌پۆشان و سەمای جامانە لە نەورۆزی ٢٧٢٤ دا سنووری کوردستانی و کوردبوونی بۆ هەموو لایەک دیاری کرد. لە چکۆلەترین شاری کوردستانەوە هەتا کوێرەدێیەکانی ئەم نیشتمانە کچ و کوڕ و ژن و پیاو دەستیان لە دەستی یەکتری گرێ دا و شانیان لەیەک توند کرد و پێیان بە خاکدا کوتا و بە دوژمنانی کوردیان کۆت: ئەمە خاکی باوباپیرانی ئێمەیە و بەئاسانی بۆتان قووت ناچێت.

 دیتنی کچ و کوڕی شارەکانی ئاودانان و ئەسەدئاوا لە گەڕی ڕەشبەڵەکی نەورۆزیدا بە جامانە و جلوبەرگی خاکییەوە وەک دواشارەکانی کوردنشین ئەو مزگێنییە خۆشەمان پێ دەدات کە کورد هەر زیندووە و هەتا هەتایە نانەوێ ئاڵاکەمان. هەر لەوکاتەشدا بە دوژمنانی نەتەوەی کورد دەڵێ: ئێمە بێجگە لەوەی ئامادەین سەروماڵمان لەپێناو مانەوە و نەفەوتانی زمان و خاک و ئاوماندا پێشکەش بکەین، بە شایی و گۆرانی و پێ بە زەوی کوتاندا و پۆشینی بەرگی خاکی و سەمای جامانەوە ڕیسەکەتان لێ دەکەینەوە بە خوری و پەیامی مانەوەی خۆمان بە هەموولایەک ڕادەگەیەنین.

گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات بەم هەڵپەڕکێ و شادییەی لەم نەورۆزدا کردیان، جارێکی دیکە و بە شێوەیەکی جیاواز لە ساڵی ٢٧٢٣ هاتنەوە مەیدان و دەنگی خۆیان بۆ ئازادی و یەکسانی هەڵبڕییەوە. ئەو کوڕ و کچانەی لە شۆڕشی ژینادا شەقامەکانیان لە داگیرکەران کردبووە دۆزەخ، لەم نەورۆزەدا بە بیرێکی ڕوون و چاوێکی کراوەترەوە هاتنەوە مەیدان و تەنگیان بە داگیرکەران هەڵچنییەوە. ئەگەر ئەوان لە شۆڕشی ژینادا کەسانێکی کەم‌ئەزموون و نوێکار بوون، لەم جووڵانەوەدا ببوونە کوڕ و کچگەلێکی خۆناس و مافناس و دەیانزانی بۆ دێنە ڕیزی هەڵپەڕکێ و بۆ پێ بە زەویدا دەکوتن و لەبەرچی بە دەوری ئاگردا دەسووڕێنەوە و سەما بە جامانەکانیان دەکەن.

تێکەڵ بوونی هەزاران کچ و کوڕو پیاو و ژن لە گۆڕەپانێکی زۆرجار بەرتەسکدا خاڵی بەهێز و جێی سەرنجی ئەم کەرنەواڵی نەورۆزییە بوو. لێککەوتنی ئەو هەموو پیاو ژن و کچ و کوڕە و لێ‌نەکەوتنەوە ناخۆشی و هەڵڵا ئەوە دەگەیەنێت کە ویستە گەورەکە، واتە ویستی نەتەوەیی و نیشتمانییەکە بە سەر هەموو ویستە دەروونییەکانی دیکەیاندا زاڵ بووە و کارێکی کردوە بێجگە لە خۆشەویستیی نیشتمان کەس بیر لە هیچ شتێکی دیکە نەکاتەوە و هەستی هاوڕێیی و هاوبیری بە سەر هەموو هەستە دەروونییەکانی دیکەدا زاڵ بێت. لەو گۆڕەپانە بەرتەسک و کەمەدا خەڵکەکە دەبوونە بنەماڵەیەک و ئەوەندە بە ڕێزەوە لەگەڵ یەکدا دەدوان و دەجووڵانەوە کەس هەستی بەغەوارەیی نەدەکرد. دەستەکان زۆر دۆستانە لێکتر گرێ دەدران و شانەکان زۆر هاوبیرانە لێک توند دەکران و پێیەکان بوێرانە و مافخوازانە و زانایانە بە زەویدا دەکوتران. ئاوری نەورۆز دەبووە بووکی هەموو زەماندێک و هەزاران کەس بە جامانە و بەرگی خاکییەوە لێی دەهاڵان و سەما و هەڵپەڕکێیان بۆ دەکرد. ئەوان بەو سەماکردنەیان پەیمانی برایی و خوشکایەتیان دەنووسییەوە و سروودی یەک دەنگی نەتەوەییان دەچڕی. گوڵی سوور -بەپێچەوانەی هەندێک بیرتەسک و بەرژەوەندیخواز- نەک هێمای ڕوانگەیەکی فەرامۆشکراو، بەڵکوو هێمای شەهیدانی ڕێی ڕزگاریی نەتەوەیی کورد بوو. ئەوان بە بەدەستەوەگرتنی ئەو گوڵە سوورانە لەگەڵ شەهیدان و بنەماڵەکانیان پەیمانی یەکگرییان نوێ دەکردەوە و پێیان دەگوتن: ڕێبازەکەتان کوێر ناکەینەوە و هەتا سەر هەر درێژەدەری ڕێگاتانین.

خاڵێکی دیکەی جێی سەرنج لەو کەرناواڵەدا یادکردنەوەی شەهیدان بوو. ئەگەر بەوردی گوێ بدرێتە ئەو گۆرانیانەی لەو شاییانەدا گوتراون گوێمان لە نێوی سەدان شەهیدی ڕێی ڕزگاریی نیشتمان دەبێت، کە لەلایەن ئەو لاوانەی چەند دەیە دوای شەهیدبوونیان لە دایک بوون شاباشیان بۆ دەکرا و یادیان بەرز ڕادەگێرا. ئەوەش نیشانەی ئەوەیە ئاگری کوورەی خەبات بێ دەستەچیلە نییە و ئێستاش زۆرن ئەو کچ و کوڕانەی گیان‌لەسەردەستان ئامادەی خەباتن بۆ ڕزگاری و سەربەخۆیی نیشتمانەکەیان.

کردنەوەی ئاوری نەورۆز بە دەستی بنەماڵەی شەهیدان یەکێکە لە خاڵە جوان و دڵخۆشکەرەکانی ئەو کەرنەواڵی نەورۆزییە. ئەویش لەلایەن بنەماڵەی ئەو شەهیدانەی لە ڕێبازی گەل و بە بیری نەتەوەییەوە شەهید بوون، نەک لەڕێی بیری کرچ و کاڵ و لاڕێییدا. خەڵک زۆر بوێرانە لە دەوریان دەهاڵان و بە چەپڵە و گوتنەوەی سروودی «خوایە وەتەن ئاواکەی» یان گۆرانی «جەژنەجەژنی کوردستانە جەژنی نەورۆزە» دەبوونە کوڕ و برا و باب و خوشکی شەهیدەکەیان و ڕێزیان لێ‌دەگرتن. لەوەش گرینگتر هاتنی کەسوکاری ئەو شەهیدانەیە بۆ نێو ئەو کۆڕە نەورۆزانە. ئەوان سەرەڕای ئەو زەبروزەنگەی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لەسەریانە بوێرانە هاتنە کۆڕەکان و بەشدارییان لە ڕێوڕەسمەکاندا کرد و ڕێبازی کەسە شەهیدەکانیان زیندوو ڕاگرت.

یەکێک لە گرینگترین پەیامەکانی ئەم نەورۆزە بۆ ئەو کەسانە بوو کە نایانهەوێ گوێ لە دەنگی مافخوازی گەلی کورد ڕابگرن. دوژمنانی گەلی کورد دەبێ باش تێگەیشتبێتن کە کورد لەسەر داوا ڕەواکەی سوورە و لە کوشتن و پەت و سێدارە ناپرینگێتەوە. پەیامێکی دیکەشیان بۆ ئەو کەسانە بو کە ئێستاش هەر نایانهەوێت ڕاستییەکان بزانن و خۆ لە ڕاستە ڕێگاکە هەتڵە دەکەن. ئەوانیش دەبێ باش بزانن ڕوو لە ڕووگەی گەل کردن باشترین ڕێگایە و باشتر وایە چیدیکە ئاو نەکەنە ئاشی دوژمنی قەستەسەری نەتەوەکەیان و تێکەڵ بە بیروباوەڕی گەلەکەیان ببنەوە. ئەگەر هەندێک کەسیش شۆڕشی ژینایان دەکردە کاڵای ئێرانچێتی و بە دوژمنانی قەستەسەری کوردیان دەفرۆشت و دەیانەویست بەو شێوەیە خۆیان و بیروباوەڕە مردووەکەیانی پێ زیندوو کەنەوە، ئەوە ئەم ڕاپەڕینی هەڵپەڕکێیە پێی سەلماندن کارەکەیان چەندە چەوت و لاڕێیانە بووە.

بە دڵنیاییەوە دیتنی کچ و کوڕی شارەکانی دزێی مەرگەوڕ، گیەڵان، ئاودانان، ئەسەدئاوا، کارزان و ... بە جلووبەرگی خاکی و جامانە و گۆرانی و سروودی کوردییەوە پەیامهێنەری یەکگرتنی ورمێ و ئیلام  و کرماشان و سنەیە و لێرەدایە دەردەکەوێت پەیامی شۆڕشی ژینا لەگەڵ بەشەکانی دیکە جیاوازی زۆرە. ئەگەر لەوێ جلووبەرگی ئێرانچێتی بەبەردا دەکرا و هەندێک سەرلێشێوایش کیسەیان بۆ هەڵدەدووری و بۆ بەرژەوەندیی خۆیان پشتیان بۆ لە ویستی گەلەکەیاندەکرد. ئەوە لێرە هاواری نەتەوایەتی بووە و ئەو کوڕ و کچانە بۆ بەرژەوەندیی گەلەکەیان چوونەتە سەر شەقامەکان و تەنگیان بە داگیرکەران و خۆفرۆشان هەڵچنیوە و هەر لەو ڕێبازەشدا گیانی پڕبایەخی خۆیان بۆ کردۆتە قوربانی. دیتنی باب و دایک و خوشک و برا و کچ و کوڕی ئەو شەهیدانە لە گەڕی دیلانی نەورۆزدا جێی سەرنج و یەکگرتنی گەل و گەرموگوڕی و بەردەوامی خەبات و نەسرەوتن مسۆگەر دەکات.

ڕێوڕەسمەکانی ئەم نەورۆزە بەردیان خستە ماڵی دوو توێژ و سەریانی لە بەرد دا. یەکەمیان فاشیستانی دژە کورد. ئەوانە چاویان بەهیچ یەکگرتن و یەک دەنگییەکی کورد هەڵنایەت و بەردەوام ئارەزووی لە نێوچوون و توانەوەی کوردیان لە دڵەڕەشەکانیاندا پەروەدە دەکەن. دووهەمیشیان ئیسلامیستە توندڕەوە جیهادییەکان. ئەوانیش کە وەک فاشیستە نژادپەرەستەکان چاویان بە شادی و خۆشی و زانایی و تێگەیشتوویی خەڵک هەڵنایەت، ئەو شادی و خۆشییە بەدژی ڕەوتەکەی خۆیان دەزانن و بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدەن بەری پێ بگرن و نەهێڵن پەرە بستێنێت و بەردەوام بێت. بەڵام ئەو شادی و یەکبوونە پێی سەلماندن کە ئەوان ناتوانن ببنە لەمپەری پێشکەوتنی ئەو گەلە و لە کۆتاییدا ئەوەی سەردەکەوێت گەلی ڕووناکبیر و مافخوازی کوردە و ئەوەی دەم لەپووشیش دەمێنێتەوە ئەوان و بیرە چەوت و فاشیستانە و دوواکەتووانەکەی ئەوانە. با ئەوانە باش تێ بگەن، زستان دەڕوات و ڕووڕەشی بۆ ڕەژی دەمێنێتە. دیارە دەبێ سپاسی ئەو مامۆستا ئایینییە نیشتمانپەروەرانەش بکرێت، کە بە هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییە جوانەکانیان، برەویان بە ڕێوڕەسمە جوانەکان و نەتەوەییەکانی نەورۆز بەخشی و بەو هەڵوێستە بەجێیەیان، گڕی ئەو ئاگرە پیرۆزە نەتەوەییەیان جوانتر و ڕەنگینتر کرد.

ئەم شایی و زەماوەندە بێجگە لەو ڕێوڕەسمەی لە تاران بەڕێوە چوو لە سنووری کوردستان نەترازا، ئەویش دەکرێت وەک یەکێک لەو ڕێوڕەسمانەی کوردانی تاراوگە لە یەکێک لە وڵاتانی دەرەوەی بەڕێوەیان برد سەیری بکرێت. هەر بۆیە دەکرێ بە پانەوە بڵێن: شایی نەورۆزی ئەم ساڵ شایی و سەمای دیاریکردنی سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو.

لە کۆتاییشدا دەبێ ئەوە بکوترێت کە لەدوای ئەو هەموو بەزم و ڕەزم و پێ لە زەوی کوتان و سەماکردن بە جامانە و سروود کوتن، بۆ ئەوەی پەیامی ڕاستەقینەی خۆیان بەگوێی دۆست و دوژمنانیان بگەیەنن، لە ڕۆژی دەی خاکەلێوەدا بێ ئەوەی شین بگێڕان یان ماتەمینی بکەن، دەستیان لە هەڵپەڕکێ هەڵگرت. ئەوان بەوکارەین پەیمانیان لەگەڵ پێشەواکەیان نوێ کردەوە و یەک دەنگ پێیان گوت:  ئێستاش دوای نزیکەی هەشت دەیە لە تێپەڕبوونی شەهید بوونت هەر ڕێبواری ڕێگا پیرۆزەکەتین و بۆ وەدیهێنانی ئامانجە بەرزەکەت لە هیچ هەوڵێک درێخی ناکەین و بەسەر هەموو لەمپەرێکدا باز دەدەین و هەتا وزە و خوێنمان لە لەشدا مابێت، کۆڵنادەین و ناکشێینەوە و ناکشێینەوە.