کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی دایکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە دانمارک

17:13 - 23 بانەمەڕ 2724

ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی بانەمەڕ، دایە مروەت ڕەزایی، دایکی شەهید ئەردەشێر خوسرەوی بە هۆی نەخۆشییەوە لە وڵاتی دانمارک کۆچی دوایی کرد.

شەهید ئەردەشێر خوسرەوی ساڵی ١٣٤٩ لە بازگری گۆران لەدایک بووە.

ناوبراو پلە تەشکیلاتییەکانی حیزب هەتا کادری دەرەجە سێ تێپەڕ دەکات و بەداخەوە لە ٢٩ی پووشپەڕی ١٣٧٣دا لە داڵاهۆ شەهید دەبێ و تەرمەکەی لە باوایادگار بە خاکی کوردستان دەسپێردرێ.

کوڕێکی دیکەی دایە مروەت بە ناوی جەمشید خوسرەوی بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارکە.

دایە مروەت و بنەماڵەکەی وێڕای سەدان بنەماڵەی دیکە پاش شۆڕشی گەلانی ئێران و دەستداگرتنی ڕێژیم بەسەر دەسکەوتەکانی ئەو شۆڕشە و جیهادی خومەینی دژی خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵات، ئاوارەی باشووری کوردستان دەبن و دواتر بە زۆرەملێ دەگوازرێنەوە بۆ کەمپی " ئەلتاش" لە ڕۆمادی.

دوای شەهید بوونی شەهید ئەردەشیر و بە هۆی  سەختی و دژواریی ژیان، دایە مروەت وێڕای بنەماڵەکەی وەک پەنابەر لە وڵاتی دانمارک دەگیرسێتەوە.

ناوبراو وەک زۆربەی ئاوارەکانی دیکەی دەستی داگیرکەران ئاوات و ئارەزووە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی بردە ژێر گڵ و حەسرەتی دیداری نیشتمانی لە دڵدا مایەوە. 

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و  خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.