کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی توێژە جیاوازەکانی ئێران لە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی

11:07 - 24 بانەمەڕ 2724

لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی ڕێکخراو و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا، خانەنشینکراوانی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی و پیشەسازیی پۆڵا لە چەندین شار کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕیوە برد.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ بانەمەڕ، ژمارەیەک لە خانەنشینکراوانی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە چەند شاری ئێران، لەوانە ئەهواز، ئەراک، تاران، ئێسفەهان و شووش بەرامبەر بە خراپیی بارودۆخی ژیان و بێ بایەخیی دەسەڵاتداران بەرامبەر بە داواکارییەکانیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

بەپێی وێنە و ڤیدیۆکان کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاو بوونەتەوە، خانەنشینکراوانی ناڕازی لە بەردەم بینای ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە تاران کۆ بوونەوە. لەم کۆبوونەوەیەدا یەکێک لە ئامادەبووان جەختی لەوە کردەوە کە هەموومان خیانەتمان بینیوە.

هەروەها، لە شاری ئەهواز، ناوەندی پارێزگای خوزستان، خۆپیشاندەران، ڕێپێوانێکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و بە وتنەوەی دروشمی "تەنها لەسەر شەقام مافەکانمان بە دەست دێن" و "حوسێن حوسێن، دروشمەکانیانە و درۆ و دزینی کارەکانیانە" ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی.

هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوانی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی، خۆپیشاندەرانی خانەنشینکراوی پیشەسازیی پۆڵا لە پارێزگاکانی خووزستان و ئێسفەهان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

ناڕەزایەتییەکانی بژێوی ژیان لە ئێران لەکاتێکدا بەردەوامە کە سەرچاوە هەواڵییەکان ڕایانگەیاندووە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەک هەر نەیتوانیوە هەڵاوسان کۆنتڕۆڵ بکات، بەڵکوو ڕێکۆردی ٨٠ ساڵەی ڕێژەی هەڵاوسان شکاوە و گەیشتووەتە سەرووی ٥٢ لەسەد.