کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی جگەرەکێشان لە نێوان کچان و ژناندا زیادی کردووە

11:50 - 24 بانەمەڕ 2724

سکرتێری شۆرای پڕۆژەی "پاد" بۆ بەرەنگاربوونە لەگەڵ جگەرەکێشان لە ئێران ڕایگەیاند کە ڕێژەی بەکارهێنانی جگەرە لە ئێراندا بەهۆی گرینگینەدان بە ئاراستەی ڕێگریکردن لەبەکارهێنانی بە شێوەیەکی زانستی ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو زیادبوون دەچێ و لە ئێستادا تەمەنی جگەرەکێشان گەیشتووەتە منداڵانی قۆناغی سەرەتایی.

لە لایەکی دیکەوە بڵاو کراوەتەوە کە بەکارهێنانی تووتن و جگەرەی ئەلیکترۆنی و ماددە هۆشبەرەکانی دیکە لەنێو کچاندا گەیشتووتە تەمەنی ١٣بۆ ١٥ساڵ، هەروەها لەلایەن هەرزەکاران  و گەنجانەوە گەیشتۆتە تەمەنی ١٢ ساڵان.

وەزارەتی تەندروستیی ئێران ڕایگەیاندووە، لە ئێستادا ١٤٪ی بەکارهێنەرانی بەرهەمی جۆراوجۆری تووتن تەمەنیان لە سەرەوەی ١٨ساڵە و هەروەها  ئاماژەی بەوەدا کە ٢٥٪ی ئەم ژمارەیە پیاون و ٤٪ئافرەتن.

هەروەها سەبارەت بە بەکارهێنانی ڕۆژانەی تووتن وتی: نزیکەی ١٠.١٪ی ئەوانەی تەمەنیان لە ١٨ ساڵ زۆرترە ڕۆژانە جگەرە دەکێشن کە ٢٠٪یان پیاون و ١%یان ئافرەتن. ناوبراو نیگەرانیی خۆی لە ڕەوتی زیادبوونی مەیلی ژنان بۆ بەکارهێنانی تووتن دەربڕی و وتی: بەپێی ئامارەکان جگەرەکێشان لە ساڵانی ڕابردوودا لەنێو پیاواندا ڕێژەیەکی نەگۆڕی هەبووە، بەڵام لە ژناندا ئەو ڕێژەیە ڕووی لە زیادبوونە.

هەروەها شایانی باسه لە ئێراندا لەم ساڵانەی دواییدا ڕێژەی بەرهەمهێنانی جگەرەش ٣٪ زیادی کردووه‌.