کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامادەکاریی ڕێژیم بۆ گۆڕینی دوکتۆرینی ناوکیی خۆی و دەستڕاگەیشتنی بە بۆمبی ئەتۆم

11:56 - 24 بانەمەڕ 2724

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی دەستپێڕاگەیشتن بە بۆمبی ئەتۆم دەیهەوێت ئامادەکاری بۆ گۆڕێنی دوکتۆرینی ناوکیی خۆی لە ڕێگەی لێدوانی بەرپرسەکانییەوە ئەنجام بدات.

لەم چوارچێوەیەدا کەماڵ خەڕازی بەرپرسی شۆرای ستراتێژیکی پێوەندییە دەرکییەکانی کۆماری ئیسلامی و ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی لە ماوەی یەک حەفتەدا دووجار سەبارەت بە گۆڕینی دوکتۆرینی ناوکیی ئێران و دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم لەگەڵ میدیاکاندا وتووێژی کردووە.

خەڕازی لە لێدوانی نوێی خۆیدا، سەبارەت بەم پرسە و لە کاردانەوە بە هەڵوێستی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە "ئەگەر هەڕەشە بکەن، پێداچوونەوە بە بەرنامە ناوکییەکانمان دەکەین".

مەتیۆ میلێر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ بانەمەڕ لە کاردانەوە بە قسەکانی کەماڵ خەڕازی سەبارەت بە گۆڕینی دوکتۆرینی ناوکیی ڕێژیم لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران ڕایگەیاندبوو کە ئەمریکا بە هەر شێوازێک بێت دڵنیایی ئەدات کە ئێران هیچکات دەستی بە بۆمبی ئەتۆم ناگات.

خەڕازی پێشتر لە لێدوانێک لەگەڵ کاناڵی ئەلجەزیرە ڕایگەیاندبوو کە ئێران توانای دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی هەیە.

خەڕازی تەنیا کاربەدەستی ڕێژیم نییە کە لەم دواییانەدا سەبارەت بە گۆڕینی سیاسەتە ناوکییەکان قسەی کردووە، پێشتریش ئەحمەد حەقتەڵەب فەرماندەی سپای پاراستن و ئەمنییەتی دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران بە ئاماژەدان بە وڵامی ئیسرائیل بە هێرشە مووشەکییەکی ئێران، هەڕەشەی پێداچوونەوە بە سیاسەتە ناوکییەکان و دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی کردبوو.

هەروەها ئەحمەد ئەردستانی نوێنەری مەجلیسی شۆرای ئیسلامی و ئەندامی پێشووی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی نەتەوەیی لە پێوەندیی لەگەڵ قسەکانی کەماڵ خەڕازی ڕایگەیاندبوو کە بە بڕوای خۆی کۆماری ئیسلامی دەستی بە بۆمبی ئەتۆم گەیشتووە بەڵام نایهەوێت ڕایبگەیەنێت.

لەلایەکی دیکەوە حوسێن شەریعەتمەداری نوێنەری عەلی خامنەیی لە ڕۆژنامەی کەیهان خوازیاری پێشێلکردنی هەموو بڕیارنامەکانی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە بەرنامە ناوکییەکانی ئێران بووە و داوای دەرکردنی هەموو چاوەدێرانی ئاژانسی وزەی ناوکیی لە ئێران کردووە.

هەموو ئەم لێدوانەنە لەکاتێکدان کە دیپلۆماتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی دوو دەیەی وتووێژە ناوکییەکان لەگەڵ ڕۆژاوا بە پشتبەستن بە فتوای عەلی خامنەیی لە ساڵی ٢٠٠٣ی زایینی لەسەر حەرامبوونی بۆمبی ئەتۆمی، دەیانوت کە چالاکییە ناوکییەکانی ئێران ئاشتیخوازانەیە و بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بەکار نابرێت.

شایانی باسە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران سەرەتا دەسپێکی چالاکییە ناوکییەکانی خۆی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی شاردبووەوە و پاش دەرکەوتنی ڕایگەیاند کە چالاکییەکان ئاشتیخوازانەن.