کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیانلەدەستدانی ساڵانە ٢٦ هەزار کەس بە هۆی پیسبوونی هەوا لە ئێران

10:48 - 25 بانەمەڕ 2724

بەرپرسی گشتیی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندووە کە پیسبوونی هەوا لە ئێران شەش ئەوەندەی پێوەرە جیهانییەکانە.

عەلی سەلاجەقە ڕۆژی دووشەمە ٢٤ی بانەمەڕ لە کۆنفرانسێکدا دانی بەوەدا نا کە پیسبوونی هەوا لە ئێران شەش ئەوەندەی پێوەرە جیهانییەکانە و لە هەر ساڵێکدا ٢٦ هەزار کەس لە ئێران بەم هۆیەوە گیانیان لەدەست ئەدەن.

سەلاجەقە کە هاوکات لەگەڵ برپرسایەتی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگە جێگری ئیبراهیم ڕەئیسیی سەرۆککۆمارە، زیانە ماڵییەکانی پیسبوونی هەوای زیاتر لە ١١ میلیارد دۆلار لە ساڵێکدا ڕاگەیاندووە.

ئەم بەرپرسە زیادی کردووە کە نێونجیی خەستیی تەنۆلکەکانی هەوا گەیشتووەتە نزیک بە ٣٠ میکڕۆگرام لە هەر سانتیمێترێکی سێجێدا کە ئەم ڕێژەیە دوو ئەوەندە و نیو بەرزتر لە ستانداردەکانی وڵاتیشە.

داریووش گوڵعەلیزادە یەکێک لە بەرپرسانی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگە پێشتر لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندبوو کە تۆمەتبارانی سەرەکیی پیسبوونی هەوا لە ئێران، بێنزین و ماشینە بێ کوالێتییەکانی دروستکراوی نێوخۆن.

بە باوەڕی کارناسانی ژینگە و هەوا بێنزینی دروستکراوی پێترۆشیمییەکانی ئێران یەکێک لە بێنزینە پیسکەرەکانی هەموو جیهانە.

شایانی باسە کە سووتاندنی نەوتی کوورە یان مازووت لە وزەخانە و هەندێک لە پیشەسازییەکانی ئێران یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی پیسبوونی هەوای شارەکانە، بەڵام کاربەدەستانی ڕێژیم بەکارهێنانی مازووتیان لەو شوێنانەدا ڕەت کردووەتە.