کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەگرتنی هەژاریی خۆراک لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک لە ئێران

10:50 - 25 بانەمەڕ 2724

بەرزبوونەوەی نرخی کەلوپەلی خۆراکی ڕۆژ بە ڕۆژ ڕەهەندی نوێی هەژاری خۆراک لە ئێران ئاشکرا دەکات و ڕاپۆرتە فەرمییەکان و گێڕانەوەی هاوڵاتییان کەمبوونەوەی بەرچاوی کڕینی گۆشت و بەرهەمە شیرەمەنیەکان دەردەخەن.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا کەلوپەلە خۆراکییەکان لە ئێراندا هەڵاوسانێکی بێ وێنەیان بەخۆیەوە بینیوە. هەرچەند بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی باس لەوە دەکەن کە هەڵاوسان کەم بووەتەوە و خۆشبژیویی گشتی زیادی کردووە، بەڵام ئامارە فەرمی و نافەرمییەکان باس لە کەمبوونەوەی خواردنی هێندێک خۆراک وەک گۆشت و بەرهەمە شیرەمەنییەکان دەکەن.

هەروەها هەندێک سەرچاوە، بۆ هەژاریی خۆراک و کەمیی کالۆری هۆشداریان داوە. سەرەڕای ئەوە پێناچێت دەوڵەت چارەسەرێکی بۆ سنووردارکردنی هەڵاوسان و زیادکردنی توانای کڕینی خەڵک هەبێت.

لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا ناوەندی توێژینەوەی مەجلیسی ڕێژیم ڕاپۆرتێکی لە وردەکارییەکانی ڕەهەندی هەژاری لە ساڵی ١٤٠١دا بڵاو کردەوە و تێدا هاتووە کە ڕێژەی کالۆرییەک کە نیوەی دانیشتووانی ئێران لە ساڵی ١٤٠١دا بەکاریان هێناوە کەمتر لە ستاندارد بووە و نزیکەی ٣٠ لەسەدی دانیشتووانی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدان.

''دنیای ئیقتساد'' بە لێکدانەوەی دۆخی ژیانی ٢٥میلیۆن و ٤٠٠هەزار کەس لە دانیشتووانی هەژار لە ئێران نووسیویەتی، هێڵی هەژاری بۆ خێزانێکی ٣ کەسی لە ساڵی ١٤٠١ نزیکەی ٥ ملیۆن و ٦٣٤ هەزار تمەن بووە و ئەو ڕێژەیە لە ساڵی ١٤٠٢دا گەیشتووەتە ٨ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار کەس و لە تاران زیاتر لە ١٥ میلیۆن بووە.

هەروەها ڕاپۆرتی ئەم دواییەی مەجلیسی ڕێژیم ئاماژەی بە دوو هۆکار کردووە کە لە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کالۆری ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە؛ یەکەم بنەماڵەکان بەهۆی هەڵاوسانی خۆراک و زیادبوونی خەرجییەکانی دیکەی وەک خانووبەرە هەوڵی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی خۆراکیان داوە و هۆکارەکەی دیکەش ئەوەیە کە بەهۆی تێڕوانینی نالەباری ئابووری، بنەماڵەکان هەوڵیان داوە بڕی ئەو خۆراکانەی دەیکڕن کەم بکەنەوە بۆ ئەوەی بتوانن کەلوپەلی دیکە بکڕن.