کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا: کۆماری ئیسلامی ناتوانێت خۆی لە پشت حوسییەکان بشارێتەوە

12:20 - 25 بانەمەڕ 2724

ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی بانەمەڕ ڕۆبێرت وود جێگری باڵوێزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، گواستنەوەی چەک لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامی بۆ گرووپی حوسییەکانی یەمەنی بە کارێکی "بێ وێنە" ناو برد و لە قسەکانیدا داوای ڕاگرتنی ناردنی چەک لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ حوسییەکانی کرد.

ناوبراو وتی، ئەگەر ئەم دامەزراوەیە بیەوێت کۆتایی بە شەڕی ناوخۆ لە یەمەن بهێنێت، دەبێت بە کۆدەنگیی تەواوەوە ڕێژیمی ئیسلامی ئاگادار بکاتەوە کە چیتر ناتوانێت لە پشت حوسییەکانەوە خۆی بشارێتەوە و دەبێت دەستبەجێ هەوڵەکانی بۆ ناسەقامگیرکردنی ناوچە هەروەها زیادی کرد: بەڵگەی بەرفراوان هەیە کە دەریدەخات ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە پێشێلکردنی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان چەکی پێشکەوتوو لەوانە مووشەکی بالستیک و کرووز بۆ حوسییەکان دابین دەکات، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت پێش بە پێشێلکردنی بەردەوامی گەمارۆکانی بگرێت و ڕێوشوێنی زیاتر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سەرپێچیکارانی سزاکان بگرێتەبەر.

گرووپی حوسی کە بە پاڵپشتیی کۆماری ئیسلامیی ئیران بەشێک لە یەمەنیان کۆنترۆڵ کردووە، دوای چەند حەفتەیەک لە دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ گرووپی حەماس دەستیان بە هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان لە ئاوەکانی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن کردووە و ئیدعای ئەوە دەکەن کە مەبەست لەم هێرشانە گوشار خستنەسەر ئیسرائیل بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ حەماس لە غەززەیە.

هەروەها ئیدارەی دەریایی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوودا حوسییەکان زیاتر لە ٥٠ جار هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییە جیاوازەکانی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن، بەڵام هێرشەکانیان لە چەند مانگی ڕابردوودا بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا و هێزەکانی بریتانیا لەگەڵ ئەواندا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووەتەوە.