کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکێک لە فەرماندەکانی حیزبوڵڵا لە هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیلدا کوژرا

10:19 - 26 بانەمەڕ 2724

ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە شەوی ڕابردوو لە هێرشێکی دڕۆنیدا لە باشووری لوبنان، فەرماندەیەکی باڵای حیزبوڵڵا کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت کوژراوە.

ئەرتەشی ئیسرائیل باسی لەوە کردووە، حوسێن ئیبراهیم مەکی یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی گرووپی حیزبوڵڵا  کە بە ڕەواڵەت لە بەرەی باشوور بووە و پێشتر فەرماندەی کەناراوەکانی ئەو گرووپە بووە، شەوی سێشەممە ٢٦ی بانەمەڕ، لە هێرشێکی دڕۆنیدا کوژراوە.

پێشتر حیزبوڵڵا دوای هێرشی ئاسمانی لە نزیک شاری سوور کوژرانی ناوبراوی ڕاگەیاند، بەڵام ناسنامەکەی وەک فەرماندە ئاشکرا نەکرد.

ئەرتەشی ئیسرائیل وتوویەتی، حوسێن ئیبراهیم مەکی چەندین هێرشی تێرۆریستیی لە گەرمەی شەڕدا دژی ئیسرائیل ئەنجام داوە.

میدیاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناوبراویان بە هاوڕێ و هاوسەنگەری پاسدار محەممەد ڕەزا زاهیدی ناساندووە کە لە هێرشی ئیسرائیل بۆسەر بینایەکی تەنیشت کونسولخانەی ڕێژیمی ئێران وێڕای ٧ فەرماندەی دیکەی سپای پاسداران کوژرا.

لە چەند مانگی ڕابردوودا و لە ڕەوتی تێهەڵچوونەکانی حیزبوڵڵای لوبنان و ئەرتەشی ئیسرائیل لە باکووری ئیسرائیل، چەندین فەرماندەی باڵای سەر بە حیزبوڵڵا کراونەتە ئامانجی هێرشی ئاسمانی و کوژراون.