کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرووسی سەبارەت بە هەڕەشەی گۆڕینی سیاسەتی ناوکی هۆشداری بە ڕێژیمی ئێران دا

11:17 - 26 بانەمەڕ 2724

ڕافاێیل گرووسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی بانەمەڕ، وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە هەڕەشە ناڕاستەوخۆکانی ئەم دواییەی تاران سەبارەت بە ئەگەری گۆڕانکاری لە سیاسەتە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی داوای لە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران کرد کە واز لە قسەکردن سەبارەت بەو بابەتە بێنن.

ڕافائیل گرووسی کە لەم دواییانەدا لەگەڵ دەیوید کامێرۆن وەزیری دەرەوەی بریتانیا سەبارەت بە داهاتووی بەرنامەی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی قسەی کردووە، ڕۆژی سێشەممە بە ڕۆژنامەی گاردیەنی بریتانیای ڕاگەیاند، قسە ئاشکراکانی کاربەدەستانی حکوومەتی ئێران سەبارەت بە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی بۆ من زۆر جیددییە و پێموایە خەریکە لە دۆخێک نزیک دەبینەوە کە ڕووبەڕووی پرسیاری گەورە دەبینەوە کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی خەریکی چین و بۆ دەستیان کردووە بە هەڕەشە کردن.

ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە دۆخی ڕێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و پشکنینی بەرنامەی ناوکیی ئێران لە قۆناغێکی سەختدایە وتی لێدوانەکانی ئەم دواییەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە ئەگەری گۆڕانکاری لە سیاسەتە ئەتۆمییەکاندا، ئەگەری دروستبوونی قەیرانی نوێ لەگەڵ تاران و کشانەوەی ئێران لە پەیمانی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمیی زیاد کردووە.

ناوبراو ڕەخنەی ئەوی گرت کە ڕێژیمی ئێران ڕێگەی بە چاوەدێران نەداوە و ئێستا ئێمە هیچ زانیارییەکمان لەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران نییە، ئەمە ساتێکی زۆر هەستیارە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت ڕووبەڕووی ئەو ڕاستییە ببێتەوە کە نازانین ئێران چی هەیە و چی نییە.

هەر لەم پێوەندیەدا کەماڵ خەڕازی، ڕاوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی بانەمەڕ ڕایگەیاند، هیچ بڕیارێکمان بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی نییە ، بەڵام ئەگەر بوونی ئێمە بکەوێتە مەترسییەوە، ناچار دەبین دوکتورینی ئەتۆمی و سەربازیمان بگۆڕین.

لە وڵامی هەڕەشەی کەماڵ خەڕازیدا، مەتیۆ میلێر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند: ئەو لێدوانانە نابەرپرسیارانەن، وەک سەرۆک و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا چەندین جار بە ڕوونی ڕایانگەیاندووە، ئەمریکا ڕێگە بە ڕێژیمی ئیسلامی نادات کە چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت.