کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی کەسایەتییەکی نیشمانپەروەر و ئایینی لە شارەدێی پەسوێ

11:22 - 26 بانەمەڕ 2724

ڕۆژی سێشەمە، ۲۵ی بانەمەڕ، مامۆستا سەید نوورەدین واژی دوای دەیان ساڵ خزمەت بە گەل و نیشتمان و ئایینی ئیسلام، لە تەمەنی ٨۵ ساڵیدا و بە هۆی نەخۆشییەوە لە شارەدێی پەسوێ سەر بە شاری پیرانشار، ماڵاویی لە ژیان کرد.

مامۆستا سەید نوورەدین واژی یەکێک لە زانایانی ئایینی ئیسلام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەتی ناوچەی موکریان بوو.

مامۆستا شارەزاییەکی تەواوی لەسەر زانستە ئیسلامییەکان هەبوو و زۆربەی مامۆستایانی ئایینیی ناوچەی موکریان هەموو یا بەشێک لە وانە ئایینییەکانیان لە لای مامۆستا سەید نوورەدین خوێندووە و ناوبراویان بە مامۆستای خۆیان دەزانی و تایبەتمەندییەکی هەرە دیار و بەرچاوی مامۆستا، نیشتمانپەروەری و گەلدۆستی بوو کە لە ڕێگەی مینبەر و مزگەوتەوە دەیگەیاندە گوێی خەڵک و کۆمەڵێک مامۆستای ئایینی نیشتمانپەروەر، لە سۆنگەی حوجرە و وتارەکانی مامۆستا پێگەیشتوون.

کوڕێکی مامۆستا، بە ناوی کاک مەلا حەسەن واژی وەکوو یەکێک لە کادرە دیار و چالاکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە خزمەت بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندایە.

دوای پەیوەستبوونی کاک مەلا حەسەن واژی بە ڕیزی پێشمەرگەکانی نیشتمان، دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی زەخت و گوشارێکی زۆریان خستە سەر بنەماڵەی مامۆستا سەید نوورەدین واژی و بەڕێزیان ئازارێکی زۆری بە چەنگ ڕژێمەوە دیت، بەڵام بۆ جارێکیش ملکەچی هیچ ویستێکی دامودەزگاکانی ڕێژیم نەبوو و بە پێچەوانە لە هەوڵ و چالاکیی نیشتمانی زیاتر لە جاران بەردەوام بوو و تا دوایین ساتەکانی ژیانی، پشتگیر و پشتیوانی کۆڕە پێشمەرگەکەی بوو و ببوو بە نمونەیەک لە بنەماڵە هەرە شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.