کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داخستنی پێنج ناوەندی پشتیوانیکردنی ژنان لە تاران

12:26 - 26 بانەمەڕ 2724

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی ئێعتماد، کە ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی بانەمەڕ بڵاو کراوەتەوە، شارەوانیی ناوچەی ١٠ی تاران لەم مانگەدا بڕیاری داخستن و کۆکردنەوە ی" سەرای غەزاڵ"ی دەرکردووە، کە یەکێکە لەو ناوەندانەی کە سەر بە ڕێکخراوی خێرخوازیی "تلووع بی نشانها " بووە و "سەرای غەزاڵ" له‌ چەند ساڵ پێش ئێستاوە پاڵپشتی و خزمەتگوزاری و چاودێریی تەندروستی پێشکەش بەو ژنانە دەکرد کە لە کۆمەڵگەدا تووشی ڕووداوی نەخوازراو هاتوون و بێ سەرپەنان.

ئەکبەر ڕەجەبی، بەڕێوەبەری کارگێڕیی دامەزراوەی خێرخوازی "تلووع بی نشانها" ڕایگەیاند کە شارەوانیی تاران بڕیاری داخستن و چۆڵکردنی ئەو بینایەی داوە کە پێشتر خۆیان بە ئێمەیان دابوو.

لە ئێستادا  ناوەندی "سەرای غەزاڵ" و لە پێش ئەودا “ماڵی خورشید" (دامەزراوەیەک بۆ پاڵپشتیی ژنانی زیان بەرکەوتوو و ئالوودەبوو بە ماددە هۆشبەرەکان و بێ سەرپەناکان)  ناوەندی “نووری سپید هیدایەت" (ناوەندی نیشتەجێبوون و خزمەتگوزاریی کەمکردنەوەی زیان بۆ ژنانی بێ ماڵ و حاڵ و ئالوودەبووانی ماددەی هۆشبەر) و چەند ناوەندی دیکە کە بۆ خزمەتگوزاری و پشتیوانی لە ژنان دامەزرابوون لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیمەوە داخراون.

تلووع بی نشانها ڕێکخراوێکی  ناحکوومییە کە لە ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوییەوە بە ئامانجی پاڵپشتیکردنی ژنان و پیاوان و منداڵانی بێبەشی کۆمەڵایەتی بە فەرمی دەستی بە چالاکییەکانی کردووە  و چالاکییەکانی لە حەوت بواردا چڕکردووەتەوە کە بریتین لە دامەزراندن، گەڕانەوە بۆ ناو خێزان و گەڕانەوە بۆ ناو کۆمەڵگە و کەمکردنەوەی دیاردەی کارتۆن خەوی، بەڵام لە ئێستادا بە بێ هۆکار لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیمەوە لقەکانی دادەخرێن و ئەو ژن منداڵانەی کە لەوێ دەحەسانەوە و سەرپەنایان بوو دووبارە بێ ماڵ و سەرپەنا دەمێننەوە.

ئەم هەوڵەی ڕێژیم لەکاتێکدایە کە هاوکات گەلاڵەی نووریش بە مەبەستی سەرکوتی زیاتری ژنان بەڕێوە دەچێت.