کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەپێچەوانەی ئیدعای دەسەڵاتدارانی ڕێژیم، قەیرانی ئەمنییەت لە ئێران دەنگی داوەتەوە

11:00 - 26 بانەمەڕ 2724

هێرش بە چەقۆ لە نەخۆشخانەیەکی شاری دۆلفان و دزیکردن بە کڵاشینکۆف لە ماڵەکانی تاران هاوکات لەگەڵ هەڵمەتی توندوتیژیی پۆلیس بۆ سەر ژنان لە شەقامەکان لەژێر ناوی گەڵاڵەی نوور، لە ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی بانەمەڕەوە قەیرانی ئەمنییەت لە ئێرانی خستووتە بەر باس.

لە حاڵێکدا بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ڕۆژی سێشەممە هەڵسوکەوتی توندوتیژانەی هێزەکانی پۆلیسیان دژی ژنان لە شارەکانی ئێرانیان وەکوو هەڵسوکەوتی داعش وەسف دەکرد، میدیا نێوخۆییەکانی ئێران وێنەی ئەو کەسانەیان پیشان دا کە بە چەقۆ دەچنە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ئێبنی سینا لە شاری دۆلفان لە لوڕستان کە هەڕەشە لە کەسانی دیکە دەکەن .

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەوە کە لە گەڕەکی سەردار جەنگەڵ لە ڕۆژاوای تاران، هەر چەند شەوێک، گروپێکی چەکدار بە چەکی کڵاشینکۆف و دەمانچەوە هێرش دەکەنە سەر ماڵی خەڵک و لەبەرچاوی هەموو خەڵکی گەڕەکەوە دەچنە ژوورەوە، بەبێ ئەوەی ترسێکیان لە کامێرا چاوەدێرییەکان بێت و بە هەڕەشەکردن لە ژنان و منداڵان و بە زەبری چەک دزی دەکەن.

هاوکات هێزەکانی ڕێژیم لەم دوواییانەدا شەپۆلێکی نوێیان لە سەرکوت و هەڵاوارن دژی ژنان لەژێر ناوی گەڵاڵەی نوور دەست پێ کردووە و ئەمەش دۆخێکی نائەمنی لە شارەکانی ئێران دروست کردووە.

لەحاڵێکدا خەڵکێکی زۆر لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ئەو هەوڵانە و نەبوونی ئەمنییەت لە کۆمەڵگەیان بە دۆخێکی مەترسیدار وەسف کردووە و نیگەرانیان دەربڕیوە، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران باس لە ئەمنییەت و دۆخێکی سەقامگیر دەکەن و لە چەواشەکارییەکدا ئاشکرادا باس لەوە دەکەن کە خەڵک بەبێ ترس و نیگەرانی ژیان دەکەن.