کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ پەرەدان بە سیاسەتی بەرزکردنەوەی ڕێژەی حەشیمەت بەردەوامە

16:45 - 26 بانەمەڕ 2724

ڕێژیمی ئێران لە درێژەی سیاسەتەکانی بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی حەشیمەت باسی لە بەخشینی ٨٠ هەزار پارچە زەوی بەو بنەماڵانە کردووە کە منداڵی سێهەم یان زیاتریان دەبێت.

ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی بانەمەڕ بەرپرسی "ستادی میللیی حەشیمەت"ی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندووە کە جەوانیی حەشیمەت بابەتێکی گرینگە و خەڵک دەبێت پاراستنی بنەماڵە، جەوانیی حەشیمەت و وەچەخستنەوە بە ئەرکی خۆیان بزانن.

شەکیبا موحێبیتەبار بڕیاری بەخشینی ئەم پارچە زەوییانەی بە گرینگترین دەستکەوتەکانی دەوڵەتی سێزدەهەم هێناوەتە ئەژمار و بابەتی هاندانی خەڵکی بۆ وەچەخستنەوەی وەک باو لە هەموو وڵاتانی جیهان لە قەڵەم دا.

ئەم قسانەی موحێبیتەبار لەکاتێکدایە کە بەپێی ئامارە فەرمییەکان خواستی منداڵداربوونی خەڵک بە هۆی قەیرانە ئابوورییەکان و هەژارییەوە ڕۆژ بە ڕۆژ کەم دەبێتەوە و بنەماڵەکان لە تێچووەکانی تەنانەت یەک منداڵیش ماونەتەوە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا سیاسەتی هاندانی خەڵک  بۆ وەچەخستنەوە و بەرزکردنەوەی ڕێژەی حەشیمەت، بەتایبەتی پاش جەختکردنەوەی عەلی خامەەیی لە سەر ئەم بابەتە، گرتووەتە بەر بەڵام نە تەنیا نەیتوانیوە خەڵک ڕازی بەوە بکات بەڵکوو ڕێژەی زاوزێ بەردەوام دابەزینی زیاتریشی بە خۆیەوە بینیوە.

گەمارۆ ئابوورییەکان بۆ سەر ڕێژیم لەلایەن ئەمریکا و زۆربەی وڵاتانی جیهان بە هۆی پشتیوانیکردنی لە تێرۆریزم و سیاسەتە شەڕاژۆییەکانی لە جیهاندا و هەروەها هەبوونی گەندەڵیی سیستماتیک و بەربڵاو لەنێو دەسەڵاتدا کە ئاکامەکەی پێکهاتنی ئابوورییەکی ناتەندروست و نەخۆشە، یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانە تاکوو خەڵک نەتوانن تێچووەکانی منداڵداربوون دابین بکەن.

شایانی باسە کە پێشتریش ساڵی ١٣٨٩ و لە کاتی سەرۆککۆماریی مەحموود ئەحمەدینژاددا، دەوڵەت بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ڕیژەی حەشیمەت بەڵێنی دابوو بۆ هەر منداڵێک کە لە دایک ئەبێت هەژمارێکی بانکی بکاتەوە و یەک ملیۆن تمەنیش دەخاتە هەژمارەکەوە و هەموو ساڵێکیش ١٠٠ هەزار تمەنی بۆ زیاد دەکات بەڵام تاکوو منداڵەکە تەمەنی نەگات بە ١٨ ساڵ ناتوانێت پارەکەی وەربگرێت.

پاش ماوەیەک لە پەسەندکردنی ئەم گەڵاڵەیە دەوڵەت پارەی هەژماری منداڵەکانی بۆ خۆی هەڵگرتەوە و لەسەر بەڵێنی خۆی نەما.