کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرهەمهێنانی یاریی کۆمپیوتەری بە ناوەڕۆکی حیجاب و فەلەستین لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە

15:22 - 26 بانەمەڕ 2724

وەزیری فەرهەنگ و ئێرشادی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران به مەبەستی بەرەوپێشبردنی ئامانجەکانی ڕێژیم، هەوڵی بەرهەمهێنانی یارییه کۆمپیوتەرییەکان لهسەر حیجاب و فەلەستین دەدات.

محەممەدمێهدی ئیسماعیلی، وەزیری فەرهەنگ و ئێرشادی ڕێژیم، ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی بانەمەڕ، وێڕای ئاماژەدان بە دوو دەیە چالاکیی دامەزراوەی یارییە کۆمپیوتەرییەکان، وتی بەپێی ئەو بەرهەمانەی بەرهەم هێنراون، ئەولەویەت بە بەرهەمەکانی حیجاب و فەلەستینە.

هەروەها ناوبراو لەبارەی پێوەندیی بەرەوپێشبردنی ئامانجە جۆراوجۆرەکانی ڕێژیم لە دوو دەیەی ڕابردوودا وتی لەسەر بنەمای ئەولەویەتە فەرهەنگییەکان پشتیوانی و پێشخستنی ئارمانجەکانی ڕێژیم لە پێش هەر شتێکدایە.

ئیسماعیلی ئاماژەی بەوەدا کە لە ئێراندا ٣٤ ملیۆن یاریزانی یارییە کۆمپیوتەرییەکان هەن کە نزیکەی ٤ ملیۆنیان یاریزانی پێشکەوتوون.

شایانی باسە کە ناوەندی یارییە کۆمپیوتەرییەکان تاکە ناوەندێکە کە لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامییەوە دەسەڵاتی داڕشتنی یاساوڕێسا و مۆڵەتی پێدراوە و بەرنامەکانی ڕاستەوخۆ بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی سیاسەتەکانی ڕێژیم دادەڕێژێت.