کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی، کۆرەی باکوور و چین چەکوچۆڵیان ڕادەستی ڕووسیە کردووە

10:33 - 27 بانەمەڕ 2724

وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە سەفەرێکدا بۆ ئۆکراین باسی لەوە کرد کە کۆماری ئیسلامی، کۆرەی باکوور و چین، چەکوچۆڵیان ڕەوانەی ڕووسیە کردووە.

ئانتۆنی بلینکێن، لە پرێس کۆنفرانسێکدا لە ئۆکراین، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر پشتیوانیی ئەمریکا لە ئۆکراین بە مەبەستی پاراستنی خاکەکەی، ڕایگەیاند: نیگەرانیی ئێمە ڕادەستکردنی چەکوچۆڵ لەلایەن چینەوە بۆ ڕووسیە نییە، بەڵکوو ئێران و کۆرەی باکووریش خەریکی هەمان کارن. چین دەستی لەم کارە هەڵگرتووە. ئەوەی کە ئێمە نیگەران دەکات، پشتیوانیێکە کە چین لە ڕووسیەی دەکات تاکوو بتوانێ بەشی بەرگرییەکەی نۆژەن بکاتەوە و ئەمە کاریگەریی لەسەر دەستدرێژییەکانی بۆ سەر ئۆکراین دەبێ.

بلینکێن لەم پرێس کۆنفرانسەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕووسیە پێداویستییەکانی خۆی بە مەبەستی بەهێزکردنەوەی ئەو پێگانەی کە کاری بەرگری دەکەن، لە چین وەردەگرێ و بە بەرهەمهێنانی تانک و مووشەک هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکراین چڕتر دەکاتەوە.

ناوبراو ڕایگەیاند کە ئێمە بە وردی چاوەدێڕی ئەم چالاکییانە دەکەین و درێژە بە چڕکردنەوەی گەمارۆکان بۆ سەر کۆمپانیایانە دەدەین کە لەم کارەدا دەستیان هەبێ.

بلینکن لەمبارەوە باسی لە خواستی چین بۆ دروستکردنی پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی ئورووپایی کرد و وتی چین ناتوانێ ئەم خواستەی هەبێت و لەلایەکی ترەوە خەریکی گەشکردنەوەی ئاگری شەڕ لە ناوچەکە بێت، چونکە ڕووسیە مەترسییەکی جیدییە و هەوڵ دەدات بە دەورلێدانەوەی گەمارۆکان، پێگەی نیزامیی خۆی نۆژەن بکاتەوە.

بە وتەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، جیا لە ڕێککەوتنی دوو لایەنەی نێوان ئەمریکا و ئۆکراین، ٣٢ وڵاتی دیکەش لەمبارەوە وتووێژیان کردووە و ٩ وڵات بە تەواوکردنی وتووێژەکان بۆ ١٠ ساڵی داهاتوو یارمەتیی ئۆکراین دەدەن تاکوو بتوانن پێش بە هێرشەکانی ڕووسیە بگرن.