کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئێراندا ٧ میلیۆن کەسی تووشبوو بە شەکرە هەیە

10:41 - 27 بانەمەڕ 2724

بە وتەی ئەندامێکی لێژنەی پزیشکانی ئێران، هۆشدار و زەنگی مەترسیی نەخۆشیی شەکرە لە ئێراندا لێ دراوە.

هەواڵدەریی ئیلنای ڕێژیم ڕایگەیاند، عەلیڕەزا ئێستفامەتی ڕایگەیاندووە کە زیاتر لە ١٤ لەسەدی حەشیمەتی سەروو ٢٠ ساڵ، واتە ٧ میلیۆن کەس لە ئێراندا تووشبووی شەکرەن. ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ١٥ هەتا ٢٠ لەسەدی حەشیمەتییش دۆخییان بە چەشنێکە کە خەریکن تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن.

ناوبراو دۆخی ئێستای ئەم نەخۆشییەی بە سۆنامیی شەکرە ناو بردووە و جەختی کردەوە کە ئەبێ پێش بەم نەخۆشییە و تێچووە قورسەکانی لەسەر ئابووریی بەشی تەندروستی بگیردرێت و ڕایگەیاند کە ئەو کاتەش کە حەشیمەتی تووشبووان بەم نەخۆشییە ٢ تا ٣ میلیۆن کەس بوو، هۆشداری بە بەرپرسان درابوو بەڵام سەرنجیان نەدا.

بەپێێ ئامارەکان، ٥ ساڵ پیش ئێستا، ڕێژەی تووشبوان بە شەکرە لە ئێراندا، ١١ لەسەدی حەشیمەتی گشتیی ئێران بووە کە ئەگەر ئەم ڕەوتە هەروا درێژە بکێشی، لە داهاتوویەکی نزیکدا، زیاتر لە ١٠ میلیۆن کەس لە ئێراندا تووشی شەکرە دەبن.

هەر لەم پێوەندییەدا، جێگری ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی بیمەی ئێران ماوەیەک پێش ئێستا باسی لەوە کردبوو کە زیاترین ڕێژەی ئەو دەرمانانەی کە بەکار دەهێنرێن، تایبەت بە نەخۆشیی شەکرەن.

هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبووان بە شەکرە، کەمبوون و دەستنەکەوتنی دەرمانی تایبەتیش کێشەی ڕێژەیەکی زۆر لە تووشبووانە. ماوەیەک پێش ئێستا هەواڵەکان ئاماژەیان بەوە کرد کە نرخی ئەنسۆلینی پێویستی تووشبووانی شەکرە لە بازاڕی ڕەشدا بە ١٠ ئەوەندەی نرخەکەی خۆی دەکڕدرێت و دەفرۆشرێت یان بە قاچاخی ڕەوانەی وڵاتانی جیران دەکرێ.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی بێهداشتی جیهانی، ڕێژەی تووشبووان بە شەکرە لە ساڵی ١٩٨٠ی زایینیدا ١٠٨ میلیۆن کەس بووە کە لە ساڵی ٢٠١٤ دا ئەم ڕێژەیە گەیشتووەتە ٤٢٢ میلیۆن کەس.

تەشەنەسەندنی شەکرە لەو وڵاتانەدا کە داهاتیان کەمە، بە خێراییەکی زیاترەوە ڕوو دەدات و تەشەنەسەندنی دەبێتە هۆی نابینایی، کێشەی گورچیلە، جەڵتەی دڵ و مێشک و تەنانەت بڕینەوەی ئەندامانی لەشی بە دواوە دەبێ.