کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئۆردۆن پیلانێکی کۆماری ئیسلامی بۆ قاچاخی چەک بۆ ئەم وڵاتەی پووچەڵ کردەوە

09:24 - 27 بانەمەڕ 2724

بە وتەی دوو سەرچاوەی ئۆردۆنی، ڕێژیمی ئێران لەهەوڵدا بووە کە بە یارمەتیی ئیسلامییە توندئاژۆکان، بە مەبەستی تەیارکردنی هێزە نیابەتییەکانی خۆی لە ئۆردۆن کە لەگەڵ حەماس لەپێوەندیدان، چەکوچۆڵی قاچاخ بگوازێتەوە کە ئەم هەوڵە لەلایەن ئۆردۆنەوە پووچەڵ کراوەتەوە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان ئەندامانی ئەم گرووپە تۆندئاژۆیە لە کۆتاییەکانی مانگی مارسی ئەمساڵدا دەسبەسەر کراون.

بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەم ڕووداوە لە ئێستادا هاوکاتە لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی ئیسرائیل و حەماس لە ناوچەکە کە بەرەی موقاومەتی ڕێژیمی ئێران لە پشتەوەی ئەم ئاڵۆزییەیە.

سەرچاوەکانی ئۆردۆن ڕایانگەیاندووە کە ئامانج لەم هەوڵە، پیلانگێڕی دژی ئۆردۆنە، وڵاتێک کە دەتوانێ ڕۆڵێکی گرینگ لە ناوچەکە و لە پێوەندی لەگەڵ قەیرانی غەززەدا بگێڕێ.

ئۆردۆن پێگەیەکی نیزامیی ئەمریکایە تێدایە و لەگەڵ ئیسرائیل و سووریە و عێراق سنووری هاوبەشی هەیە کە ئەم دوو وڵاتەش بوونەتە مۆڵگەی گرووپە نیابەتییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران.

سەرچاوە ئۆردۆنییەکان ئاماژەیان بە جۆری چەکوچۆڵەکە کە دەستی بەسەردا گیراوە نەکردووە بەڵام ڕایانگەیاندوە کە کە ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ئۆردۆن هەوڵەکانی ئێران و گرووپە هاوپەیمانەکانی بۆ قاچاخی چەکوچۆڵیان پووچەڵ کردووەتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، بەشێک لەم چەکوچۆڵە بە مەبەستی تەیارکردنی گرووپی ئێخوانولموسلێمین سەر بە میلیشیاکانی حەماس بووە کە لە ئۆردۆن جێگیر کراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار باسی لەوە کردووە کە ئەم گرووپە، چەکوچۆڵەکەیان لە شوێنگەلێکدا کردووەتە ژێر خاکەوە و ناوی خاڵی مردوویان لێ ناون. لە ڕێگەی جی پی ئێسەوە شوێنەکەیان دیاری کردوون و بە هەڵگرتنەوەی وێنە لە شوێنەکان، هێزەکانی خۆیان دەنێرن تاکوو دەریانبێنن.

بەرپرسانی ئۆردۆن لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئێران و گرووپە هاوپەیمانەکانی وەکوو حەماس و حیزبوڵڵای لوبنان لە هەوڵدان تاکوو ئەندامانی لاو و توندئاژۆی ئێخوانولموسلێمین بە مەبەستی بەکارهێنان دژی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ لای خۆیان ڕابکێشن. بە وتەی ئەم دوو سەرچاوەیە هەوڵەکان بە مەبەستی بەربڵاوکردنەوەی تۆڕی ناوچەیی بۆ هێزەکانی هاوتەریب لەگەڵ تارانە.