کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وریشە مورادی بەندکراوی سیاسیی کورد مانی لە خواردنی گرت

10:57 - 27 بانەمەڕ 2724

ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی بانەمەڕ، وریشە مورادی، ژنە بەندکراوی سیاسیی کورد لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە لە بەندی ژنانەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین ڕاگوێزرا.

وریشە مورادی بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بەم بڕیارە، مانی لە خواردن گرتووە.

ڕاگواستنی وریشە بۆ بەندی ٢٠٩ی ئێڤین لەکاتێكدایە کە چارەنووسی ناوبراو سەرەڕای کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکانی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم سەبارەت بە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان، بۆ ماوەی ٢٨٩ ڕۆژ ناڕوون بووە.

لە حەفتەکانی ڕابردوو، هەموو پێوەندییە تلفۆنییەکان و چاوپێکەوتنەکان لەگەڵ وریشە مواردی بە فەرمانی ئەبولقاسم سەڵواتی، دادوەری دادگای ئینقلاب هەڵوەشابوونەوە.

هاوکات لەگەڵ مانگرتنی وریشە، پەخشان عەزیزی یەکێکی تر لە بەندکراوانی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ئێڤین ڕایگەیاندووە کە دژ بەم بڕیارە نایاساییە و ڕاگواستنی وریشە بۆ بەندی ٢٠٩ی ئێڤین، مان لە خواردن دەگرێ و هەتا گەڕانەوەی وریشە بۆ بەندی ژنان، درێژە بە مانگرتنەکەی خۆی دەدات.

وریشە مورادی ژنە چالاکی کورد، لەلایەن لقی ٥ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی تارانەوە تۆمەتی "بەغی" دراوە پاڵ و لەمبارەوە ڕوونکردنەوەی پێ دراوە، تۆمەتێک کە ئەتوانێ دەرکرانی سزای قورسی بەدواوە بێت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم چالاکە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا دوو جار بانگی لقی ٥ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی تاران کراوە و تۆمەتی "بەغی"، لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕێژیمی ئێرانی دراوەتە پاڵ.

وریشە مورادی، ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە و ئەم ڕێکخراوە ڕۆژی سێشەممە، ٤ی ڕەزبەر بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ڕوو لە بیروڕای گشتی، ڕیپۆرتەری تایبەتی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری ئێران و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ، ڕایگەیاندووە کە وریشە مورادی، بە مەبەستی "چالاکیی سیاسی و ڕێکخستنی ژنان" لە کوردستان بووە.

کۆمەڵکەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جەختی کردووەتەوە: "بە سەرنجدان بە بێسەروشوێنکردنی هاوڕێ وریشە، لەلایەن هێزەکانی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە، بەرپرسایەتیی گیانی ئەم ئەندامەمان لە ئەستۆی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە."