کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

براوەکانی خەڵاتی ئاشتی نۆبێل: پێش بە ئێعدامەکان لە ئێراندا بگرن

11:22 - 27 بانەمەڕ 2724

چوار براوەی خەڵاتی ئاشتی نۆبێل ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە و وێڕای مەحکوومکردنی لەسێدارەدانەکان لە ئێران داوایان کرد کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرەنگاری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ببێتەوە کە لە لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ دروستکردنی ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگادا کەڵک وەردەگرێت.

لەو ڕاگەیەندراوەدا کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی بانەمەڕ، بڵاو کراوەتەوە هاتووە: ''ئێران لە سێبەری پەرەدان بە ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدانی لە دژی چالاکانی سیاسی و مافی مرۆڤ و دژبەرانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران چڕتر کردووەتەوە.''

هەروەها لەو ڕاگەیەندراوەدا باس لەوە کراوە کە بە شێوەی نێونجی ڕۆژانە لە ئێران کەسێک بە تۆمەتی پێوەندیدار بە مادەی هۆشبەرەکان یان پێشێلکاریی ئاینیی لە سێدارە دەدرێت.

ئەو ڕاگەیەندراوە لەلایەن شیرین عیبادی، جودی ویلیامز، تەوەکول کرمان و لیما گبووی واژۆ کراوە و هەروەها داوا لە براوەکانی دیکەی خەڵاتی ئاشتی نۆبێل کراوە کە ئەوانیش واژۆی لەسەر بکەن.

واژۆکەرانی ئەم ڕاگەیندراوە زیادیان کرد لە دوای کوژرانی ژینا ئەمینی، خەڵک لە بزووتنەوەیەکدا بە ناوی "ژن، ژیان، ئازادی" دژی ڕێژیم ڕاپەڕین. دەیان هەزار کەس لەوانە داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، هونەرمەندان، نووسەران، ڕۆژنامەنووسان و هەر کەسێک کە بوێری دژایەتی ڕێژێمی هەبوو، دەسبەسەر و سەدان کەسیش بەهۆی بەشداریکردن لە شۆڕشدا کوژران.

لەو ڕاگەیەندراوەدا باس لەوە کراوە کە کۆماری ئیسلامی ساڵانێکە کە ئەم تاکتیکە بەکار دەهێنێت، و زۆرێک لە چالاکوانان لەوانە نێرگز محەممەدی كه‌ خاوەن خەڵاتی ئاشتی نۆبێل هێشتا لە زیندان دایە و ڕووبەڕووی هەڵسوکەوتی نامرۆڤانە دەبێتەوە.

هەروەها بە مەحکوومکردنی پەرەسەندنی ئیعدامەکان داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە گوشار بخەنە سەر ڕێژیمی ئێران بۆ ڕاگرتنی گرتن، زیندانیکردن و لەسێدارەدانی چالاکوانان و ئازادکردنی زیندانییانیی سیاسی.