پاش کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتێری هەڵگری ئیبراهیم ڕەئیسی و شاندەکەی و پشتڕاستبوونەوەی هەواڵی مردنی، پۆلیسی فەتای ڕێژیم دەستی بە هەڕەشەکردن لە خەڵکی ئێران کردووە.
ڕۆژی دووشەممە ٣١ی بانەمەڕ پۆلیسی فەتا لە ڕاگەیەندراوێکدا وێڕای ترساندنی خەڵک بە چاوەدێریکردنی ماڵپەڕەکانیان لەلایەن ئەم ناوەندەوە، ڕایگەیاندووە کە "پۆلیسی فەتا بە وردی چاوەدێریی دنیای مەجازی دەکات و لە وەها بارودۆخێکدا لە بڵاوکردنەوەی هەر هەواڵ و ناوەڕۆکێک کە بە جۆرێک دەبێتە هۆی تێکدانی هەستی گشتیی خەڵک، خۆ ببوێرن".
دیارە کە ئەم هەڕەشەی پۆلیسی فەتا لە کاردانەوە بە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە کە لە دوێنێوە و پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی کەوتنەخوارەوەی ڕەئیسی، دەستیان بە بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی گاڵتەئامێز و پێکەنیناوی و هەروەها دەربڕینی خۆشحاڵی لە ڕووداوەکە کردبوو.
پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵەکانی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتێرەکەی ڕەئیسی و شاندەکەی شەپۆلێک لە ناوەڕۆکە پێکەنیناوییەکان لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنی و خۆشی و ڕەزامەندیی خۆیان سەبارەت بە ڕووداوەکە لە دنیای مەجازیدا دەربڕی.
دنیای مەجازی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یەکێک لە شوێنە دەگمەنەکانە کە ڕێژیم هێشتا نەیتوانیوە بە تەواوەتی دەستی بەسەردا بگرێت و لەوێشدا وەک شوێنە گشتییەکان پێش بە خۆشیی خەڵک بگرێت.