کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایان و خانەنیشینکراوانی نەتەوەکانی ئێران لە تاران ناڕەزایەتییان دەربڕی

13:14 - 31 بانەمەڕ 2724

لە درێژەی ناڕەزایەتی دەربڕینی مامۆستایانی ئێران و کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو مامۆستایان لە بەردەم ڕێکخراوی بەرنامە و بودجەی ڕێژیم لە شاری تاران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

بەپێی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی کە بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتوون، ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی بانەمەڕ، مامۆستایان و خانەنشینکراوان لە تاران لە بەردەم ڕێکخراوی بەرنامە و بوودجەی ڕێژیم لە شاری تاران بە وتنەوەی دروشم لە دژی ڕێژیم کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

ئیتلاعاتی ڕێژیم لە پاریزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشان لە دەرەوەی شارەکان پێشیان بە ئوتووبووسی مامۆستایانی ناڕازی گرتووە و هەرەشەیان لە مامۆستایان کردووە کە بگەڕێنەوە؛ پێشتریش یان لە ڕێگەی پێوەندیی تلفۆنییەوە هەرەشیان لێ کردبوون کە نابێ بچنە تاران و لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتیانەدا بەشدار بن.

لەو کۆبوونەوەیەدا هێزە ئینتیزامی و ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بێڕێزییان بە مامۆستایان کردووە و ویستوویانە کە بڵاوەیان پێ بکەن و ئیزن بە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکە نەدەن.

شایەنی باسە کە چەندین مانگە مامۆستایانی خانەنشینکراوی پارێزگاکانی ورمێ و سنە، وێڕای مامۆستایانی شارەکانی دیکەی ئێران لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەردەم ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی تاراندا بەشدارییان کردووە و هەموویان بە یەکدەنگ داوای مافە زەوتکراوەکانی خۆیان دەکەن.