کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەق وابوو ڕەئیسی لە مەحکەمەی خەڵکیدا دادگایی و بە سزای کردەوەکانی گەیشتبا

21:11 - 31 بانەمەڕ 2724

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب:

 حەق وابوو ڕەئیسی لە مەحکەمەی خەڵکیدا دادگایی و بە سزای کردەوەکانی گەیشتبا

 

دوانیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە، ٣٠ی بانەمەڕ، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرکۆماری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوە و چەند کەسی دیکە لە گەورە بەرپرسانی ڕێژیم بەهۆی بەربوونەوەی هێلێکۆپتێری هەڵگریان کوژران. کاردانەوەکان بە بەربوونەوەی هێلێکۆپتێری هەڵگری ڕەئیسی و شاندی هاوڕێی و کوژرانیان زۆر و جۆراوجۆر بوون، بەڵام ئەوەی لە هەمووان گرینگ و جێی بایەخدانە، شادی و خۆشیدەربڕینی خەڵکی ئێران سەبارەت بەو ڕووداوە بوو.

 ڕەنگە ڕووداوی هاوشێوە وەک پێشتریش ڕوویان داوە لە داهاتووشدا بۆ به‌رپرسانی وڵاتان ڕوو بدەن، بەڵام لەو وڵاتانه‌ی دەسەڵاتی سیاسی متمانه‌ و شه‌رعییه‌تی خەڵکیی هه‌یه‌ و دەسەڵاتداران هەڵبژاردەکانی ڕاستەقینەی خه‌ڵكن، له‌ ئەگەری ڕووداوی له‌و چه‌شنه‌دا خەڵک داوای سڵامەتی و پارێزراوبوونی بەڕێوەبەرانی وڵاتەکەیان دەکەن. بەڵام لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا ئەم بابەتە پێچەوانەیه‌. ئەوەش لەسۆنگه‌ی کەلێن و دابڕانی زۆری نێوان خەڵک و حاکمییەت، ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆری و سیاسه‌ته‌ دژیگه‌لییه‌كانی ئه‌و ڕیژیمه‌یه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی وڵاتی لە هەموو بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵاتی و ئابووریدا تووشی قەیران و تێکڕمان كردوه. بۆیه‌شه‌ خەڵک نەك‌هه‌ر بەدژیان ڕادەپەڕن، بەڵکوو لە حاڵەتێکی لەم‌جۆرەشدا هیچ بەپەرۆش نین و بە مردنیان خۆشحاڵن. ئەم ڕووداوەش بۆ بیروڕای گشتی تازە نەبوو، وەکوو پێشتریش خەڵکی سیاسی و بەهەڵوێستی ئێران لە کاتی کوژرانی قاسم سولەیمانیدا کاڕناڤاڵی شادییان وەڕێ‌خستبوو.

ئیبراهیم ڕەئیسی یەک لە به‌رپرسە مرۆڤکوژ و بێزراوەکانی کۆماری ئیسلامی بوو. کاربەدەستێک کە ناوی ئاوێته‌ی جینایەت، سه‌ركوت، ئێعدام، کۆمەڵکوژی و ماڵوێرانی بۆ خەڵکی ئێران ببوو. ڕه‌ئیسی یەکێک لە ئەندامانی هەیئەتی مەرگ بوو کە گەلاوێژ و خەرمانانی ١٣٦٧ی هەتاوی بە فەرمانی خومەینی هەزاران کەس لە زیندانییانی سیاسیی دژبه‌ری ڕیژیمیان لەسێدارە دا. هاوکات دەورانی سەرکۆمارییه‌كه‌شی به‌ یەکێک لە ڕەشترین سه‌رده‌مه‌كان له‌ حوكمڕانیی كۆماری ئیسلامی داده‌نرێت. لە دوو ساڵی ڕابردوودا و لە ڕەوتی بزووتنه‌وه‌ی ژینا (ژن، ژیان، ئازادی)دا بە هەزاران کیژوکوڕی لاوی ئێران به‌تایبه‌ت زۆرتر له‌ کوردستان لە ماوەی دەوڵەتی ڕەئیسیدا كوژران، یان بریندار و کەمئەندام كران و هەزاران دایک و باوک جەرگ‌سووتاو و سەدان منداڵ لە نازی دایک و باوک بێبەش کران. دەیان هەزار مرۆڤی ئازادیخواز خرانە بەندیخانەوە کە دەیان کەسیان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لێ ئەستێندرا و هەزاران کەسیان حوکمی زیندانیان بەسەردا سەپا. بۆیە ئاساییە لەوەها حاڵەتێکدا خەڵک كه‌ دەرەتانی دادگاییکرانی ئەو بکوژانە و جیبه‌جیبونی دادپه‌روه‌ری له‌ كۆماری ئیسلامیدا نییه‌، له‌ ناچاری شایی و خۆشییان له‌دڵدا بگه‌ڕی و ئه‌و پیخۆشبوونه‌ش ده‌رببڕن. هاوكات  ئاواتی ئەوە بخوازن کە نەک‌‌هەر ئیبراهیم ڕەئیسی، بەڵکوو سەرجەم دەسەڵاتبەدەستانی دیکەی کۆماری ئیسلامی سێبەری شووم و ڕەشیان لەسەر وڵات و خەڵکی ئێران نەمێنێ و خەڵک لەو دۆخەی کە تێیدان ڕزگاریان ببێت.

 بێگومان ویستی سه‌ره‌كیی خەڵکی ئیران ئه‌وه‌ بوو‌ ئیبراهیم ڕەئیسی وێڕای جینایەتکارانی دیکەی کۆماری ئیسلامی پێش مردن سه‌باره‌ت به‌ هەموو ئه‌و جینایەتانەی کردوویانە ڕاپێچی دادگا بكرین و سزای تاوانه‌كانیان وه‌ربگرن. بەڵام بەداخەوە لەسۆنگەی دەسەڵاتی ڕەشی ئیستبدادەوە هەتا ئێستا ئەم ماف و دەرفەتانە لە کیس خه‌ڵكی ئێران دەچن.

خه‌ڵكی ئیران کە قوربانیی جینایه‌ته‌كانی كۆماری ئیسلامین شایانی بەدیهاتنی دادپه‌روه‌ری و گه‌یشتن به‌ مافه‌كانیانن، بەڵام ئه‌وه‌ش له‌گره‌وی به‌ره‌وپیشچوون و تیندانی خه‌بات، گەشەی بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زاییه‌كان و سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر كۆماری ئیسلامی و دادگاییكردن و سزادانی به‌رپرسانی ئه‌و ڕێژیمه‌دایه‌. ئەرکێک کە دەبێ هەمووان لەسەری بەردەوام بین.

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٣١ی بانەمەڕی ١٤٠٣