کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەی ڕێژیم و لایەنگرەکانی سەبارەت بە خۆشیی خەڵکی ئێران لە مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی

10:28 - 1 جۆزەردان 2724

پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی خەڵکی ئێران دەستیان بە دەربڕینی خۆشی و شادی کرد و لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا شەپۆلێک لە ناوەڕۆکی پێکەنیناوی و کەیفخۆشیی خەڵک، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی داگرت.

لە کاردانەوە بە خۆشیی خەڵک، ڕێژیم و لایەنگرەکانی بۆ پێشگرتن بەم بابەتە و سازکردنی کەشێکی تەواو ماتەمینی لە وڵاتدا، دەستیان کردووە بە ترساندن و هەڕەشەکردن لە خەڵک تاکوو پێش بە خۆشحاڵبوونیان لە مردنی سەرۆککۆمار بگرن.

لەم پێوەندییەدا دادستانی ڕێژیم بە دەرکردنی ئاییننامەیەک داوای لە هەموو دادستانییەکانی ئێران  کردووە کە بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو کەسانەی کە سەبارەت بە کوژرانی سەرۆکانی ڕێژیم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ناوەڕۆکی نایاسایی بڵاو دەکەنەوە، ڕێوشوێنی تایبەت بگرنە بەر.

پاش ڕاگەیاندنی ئەم ئاییننامەیە بەسیجییەکانی لایەنگری ڕێژیم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەستیان بە هەڕەشەکردن لە خەڵک کردووە و ڕایانگەیاندووە کە ڕاپۆرتی ئەو کەسانەی کە خەریکی دەربڕینی خۆشحاڵی لە فەزای مەجازیدان، لە ماڵپەڕی "گێرداب"دا بنووسرێت.

هەر لەم چوارچێوەیەدا دوێنێ ٣١ی بانەمەڕ پۆلیسی فەتا لە ڕاگەیەندراوێکدا هەڕەشەی لە خەڵک کردبوو کە ئەم ناوەندە بە وردی چاوەدێریی هەژمارەکان دەکات.

سەرەڕای هەموو ئەم هەڕەشانەی ڕێژیم و دەستوپێوەندییەکانی، ناوەەڕۆکی خۆشی و گرتەڤیدیۆی هەڵپەڕین و کەیفخۆشیی خەڵک هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیوە و بەکارهێنەران بە دانانی وێنە و گرتە ڤیدیۆی خۆیان لەحاڵی خۆشحاڵیکردن و جێژنگرتن، ناڕەزایەتیی خۆیان بەنیسبەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەربڕی.