کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میدیاکانی ئیسرائیل؛ مردنی ڕەئیسی بۆ ئیسرائیل هەواڵێکی ناخۆش نییە

10:37 - 1 جۆزەردان 2724

دەنگدانەوەی هەواڵی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتێری هەڵگری سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، میدیای ئیسرائیلی لە کاتژمێرەکانی ئێوارەی یەکشەممەدا بە خۆیەوە سەرقاڵ کرد و بەو هۆیەوە زۆرێک لە ڕووداوەکانی دیکەی ئیسرائیل خرانە پەراوێزەوە.

بە سەیرکردنی پێشهاتەکانی ئێران لەو هەلومەرجە نوێیەی کە تاران ڕووبەڕووی بووەتەوە، وەک ڕووداوێک کە ڕەنگە گرینگیی ستراتێژیی لە ناوچەکە و دەرەوەی وڵاتدا هەبێت، لەلایەن شارەزایانی ئیسرائیلییەوە سەبارەت بە ئێران و ناوچەکە لە میدیاکانی ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە ٣١ی بانەمەڕ، تاوتوێ کراوە.

ڕۆژنامەی ''یەدیعوت ئاخرونوت'' بوومەلەرزە لە ئێران و مەرگی ئیبراهیم ڕەئیسیی تاوتوێ کردووە نووسیویەتی کە کەوتنەخوارەوەی ئەم هێلیکۆپتێرە هەم سیستمی سیاسیی ئێرانی لە داهاتوویەکی نزیکدا هەژاندووە و هەمیش ئامادەکارییەکان بۆ هەوڵەکانی جێنشینیی ڕێبەری وەلەزرە خستووە.

ڕاز تسیمەت کارناسی کاروباری ئێران، ڕایگەیاندووە کە ڕۆیشتنی ڕەئیسی لە دۆخێکدا ڕووی دا کە ئێران لە ناوەڕاستی پێشهاتە گرینگەکانی گۆڕەپانی نێوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتیدایە و ڕووبەڕووی قەیرانێکی توندی ڕەوایی بووەتەوە و هەروەها دوای سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"، هەموو هەوڵەکانی ڕەئیسی بۆ باشترکردنی دۆخی سیاسی ئاوبووری و کۆمەڵایەتی شکستی هێنابوو.

عاموس هێرئل، شرۆڤەکاری ڕۆژنامەی ''هائارتز'' لەسەر ئەو باوەڕەیە کە گیانلەدەستدانی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران دەبێتە هۆی قەیرانی جێنشینیی ڕێبەری و زیاتر زیان بە متمانەی خەڵک بە حکوومەت دەگەیەنێت کە پێشتر لاواز بووە.

ئەم ڕۆژنامەیە تیشکی خستە سەر هەڵسەنگاندنی کەریم سەجادپوور، لە دامەزراوەی بیرکردنەوەی کارێنگی لە ئەمریکا، کە ماوەیەک لەمەوبەر لە چاوپێکەوتنێکدا وتی کە پێشهاتێکی لەم شێوەیە دەتوانێت گۆڕینی ڕێژیم بۆ ڕێژێمێکی تەواو سەربازی خێراتر بکات یان بە پێچەوانەوە و تەنانەت ڕووخانی ئەو ڕێژیمە خرابتر بکات.