کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەکان سەبارەت بە مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی بەردەوامە

12:44 - 1 جۆزەردان 2724

شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوەکانی سەندیکای مامۆستایانی ئێران و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە دوو بەیاننامەی جیاجیادا، سەبارەت بە مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی کاردانەوەیان نیشان دا.

شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوەکانی سەندیکای مامۆستایانی ئێران لە بەیاننامەکەیدا بە ئاماژەدان بە مردنی ڕەئیسی ڕایگەیاندووە کە ئەم شۆرایە هیوادارە تاکوو ئەو کەسانەی کە دەستیان لە منداڵکوژی بەتایبەتی لە ئێراندا هەبووە، لە دادگایەکی دادپەروەرانەدا بە سزای خۆیان بگەیەندرێن.

ئەم شۆرایە زیادی کردووە کە "دۆخی پەروەردە لە سەردەمی سەرۆککۆماریی ڕەئیسی، یەکێک لە خراپترین دۆخەکان پاش شۆڕشی گەلانی ئێران بووە و کیمیایکردنی قوتابخانەی کچان، هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکان بۆ سەر قوتابخانەکان، توندوتیژی و لێدان و کوشتنی زیاتر لە ٨٠ قوتابی و دوو مامۆستا و هەروەها دەسبەسەرکران و بەندکرانی منداڵانی قوتابی، بەرهەمی ڕەشی وەزارەتی پەروەردەی سەردەمی سەرۆککۆماریی ئیبراهیم ڕەئیسی بوو".

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئەم شۆرایە بەردەوام بەرهەڵستی سیاسەتە دژە پەروەردەیی و دژەخەڵکییەکان بووەتەوە و هاوتەریبی هەموو مافخوازانی دیکە، خوازیاری دادگاییکردنی فەرماندەران و ئەنجامدەرانی تاوانەکانی کوشتنی خەڵک لە ڕاپەڕینەکاندایە.

هەروەها ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە کاردانەوە بە مردنی کتوپڕی ئیبراهیم ڕەئیسی ڕایگەیاند کە لە باشترین حاڵەتدا دەبێت کە ئەندامی لیژنەی مەرگ لە دادگاکانی تاوان بە دژی مرۆڤایەتیدا دادگایی بکرێن.

هەنگاو ڕۆژی سێشەممە ١ی بانەمەڕ لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاندووە کە ئیبراهیم ڕەئیسی یەک لە ئەندامانی لێژنەی مەرگ و کۆمیتەیەک بوو کە بە ناوی لێژنەی مەرگ بەناوبانگ بوو، لێژنەیەک کە بەندکراوانی بەگشتیی لەو ساڵانەدا لە دادگایەکی چەند خولەکی و تەنیا بە چەند پرسیارێکی کورت وەکوو پرسیاری موسوڵمان بوون و نوێژکردن، بەرەو سێدارە و تیرباران ڕەوانە دەکرد.

هەنگاو زیادی کردووە کە لە ماوەی سەرۆککۆماریی ئیبراهیم ڕەئیسی و دەستپێکی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا سەدان هاووڵاتی بە توندوتیژییەکی دڕندانە کوژران و هەزاران کەس دەسبەسەر کران .

ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆییە لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا بە ئاماژەدان بەوەی کە لە باشترین حاڵەتدا دەبوو ڕەئیسی لە دادگاکانی تاوان بە دژی مرۆڤایەتیدا دادگایی کرابایە، داوای لە بنەماڵەی دادخوازان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، کۆمەڵگەی مەدەنی و بەگشتیی خەڵکی ئێران کردووە کە لە تۆمارکردنی بەڵگەنامەکانی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی بەردەوام بن، چ لە پێوەندیی لەگەڵ تاوانبارنی مردوو یان زیندوویان.