کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەش مانگ لەمەوبەر ئیبراهیم ڕەئیسی لە لیستەی جێگرەوەکانی خامنەیی دەرهێنراوە

12:47 - 1 جۆزەردان 2724

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، مەجلیسی خێبرێگانی ڕێبەری لە شەش مانگ پێش ئێستەوە نێوی "ئیبراهیم ڕەئیسی"ی لە لیستەی بەربژێران بۆ جێگرەوەی خامنەیی دەرهێنابوو.

ڕۆژی دووشەممە ٣١ی بانەمەڕ ئەم هەواڵدەرییە بریتانیاییە ڕایگەیاند کە مەجلیسی خێبرێگانی ئێران بە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی پەسەندکراویی ئیبراهیم ڕەئیسی، دۆخی خراپی ئابووری و خراپ بەڕێوەبردنی ئەرکەکانی، ناوبراوی لە لیستەی جێگرەوەکانی خامنەیی دەرهێنابوو.

ڕۆیتێرز زیادی کردووە کە ژمارەیەک لە ئاخوندە کاریگەرەکانی لایەنگری ئیبراهیم ڕەئیسی هەوڵیان داوە تاکوو بۆ جارێکی تر نێوی ڕەئیسی بگەڕێننەوە نێو لیستەی ئەو کەسانەی کە دەتوانن ببنە جێگرەوەی خامەنەیی.

لەلایەکی دیکەوە بەیانیی ئەمڕۆ ١ی جۆزەردان شەشەمین مەجلیسی خێبرێگانی ڕێبەری لەکاتێکدا دەستی بەکار کرد کە دوو ئەندامی خۆی پێش لە دەسپێک، لەدەست دا.

ئیبراهیم ڕەئیسی و ئال هاشم هەردووکیان، لە شانۆی هەڵبژاردنەکانی ١١ی ڕەشەممە، وەک ئەندامی مەجلیسی شەشەمی خێبرێگان هەڵبژێردرابوون.

بەپیی زانیارییەکان وێدەچوو ئەگەر ئیبراهیم ڕەئیسی تاکوو ئەمڕۆ لە ژیاندا بمایەت، شانسی یەکەمی وەرگرتنی سەرۆکایەتیی مەجلیسەکەی هەبوو.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی مێهر، عەلی موەحێدی کرمانی لە نەبوونی ئیبراهیم ڕەئیسیدا وەک سەرۆکی مەجلیسی شەشەمی خێبرێگان، دیاری کرا.

ئەرکی سەرەکیی مەجلیسی خێبرێگانی ڕێبەری، دیاریکردنی ڕێبەری ڕێژیمی ئێرانە کە بەپێی تەمەنی زۆر و باری خراپی تەندروستیی خامنەیی، ئەگەری هەیە کە ئەم مەجلیسی شەشەمە بۆ جارێکی تر لە مێژووی ڕێژیمدا، ڕێبەری داهاتوو دیاری بکات.