کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماریخوازانی ئەمریکا وێڕای ڕەخنەگرتن لە پەیامی سەرخۆشی بۆ ئیبراهیم ڕەئیسی، ناوبراویان بە قەسابی تاران ناو برد

11:06 - 2 جۆزەردان 2724

بەشێکی زۆری کۆماریخوازانی ئەمریکا لە درێژەی دژایەتیکردنی پەیامی سەرەخۆشیی دوڵەتی جۆ بایدێن بۆ مەرگی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێرانیان بە "قەسابی تاران" ناو برد و هاوسۆزییان بۆ مەرگی ناوبراو مەحکووم کرد.

هەر لەو پێوەندییەدا، لیندزی گراهام، سیناتۆری باڵای کۆماریخوازەکان، لە دانیشتنی مەجلیسی سێنای ئەمریکا بە ئامادەبوونی ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، نابێت کەس ماتەمینی بۆ مردنی "قەسابی تاران" بگێڕێت.

گراهام لەم دانیشتنەدا وتی: ''ماوەی سەرۆکایەتیی ڕەئیسی، دەورەی سەرکوتی ژنان و کچان لە ئێران بوو، هەروەها لە نیوخۆی ئێرانەوە هێرشێکی سەربازی بۆ سەر ئیسرائیل کرا. من پەیامی سەرەخۆشی بۆ نەمانی  قەسابی تاران نانێرم، بەڵکوو پرسە و سەرەخۆشی خۆم پێشکەش بە قوربانییانی قەسابی تاران و هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە تا ئێستاش لەلایەن ئاخوندەکان و دەستوپێوندیەکانیانەوە دەچەوسێنەوە و دەکرێنە ئامانج".

هەروەها سیناتۆر جان باروسۆ، ئەندامی کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی مەجلیسی سێنا، پەیامی سەرەخۆشیی دەوڵەتی جۆ بایدێن بۆ مەرگی  ئیبراهیم ڕەئیسیی بە "هەڵەیەکی ترسناک" ناو برد و وتی: ''پێموایە جێگەی شۆکە کە ئەم دەوڵەتە ماتەمینی بۆ مردنی قەسابی تاران بگێرێت.''
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا بۆ خەڵکی ئێران وتی: ئێمە لەگەڵ ئێوەین و بۆ ڕزگارییتان لە ئاخوندەکان دوعا دەکەین.''

هەروەها تێد کروز، سێناتۆری کۆماریخواز، ڕەخنەی لە سیاسەتی دەوڵەتی بایدێن بەرامبەر کۆماری ئیسلامی گرت و ئیبراهیم ڕەئیسیی بە "قەسابی تاران" ناو برد و جەختی لەوە کردەوە: "جیهان بەبێ ئەو شوێنێکی باشترە ".
هەروەها میچ مەک کانێل، سەرۆکی کەمینەی کۆمارییخوزەکان لە مەجلیسی ئەمریکا، ڕایگەیاندووە، خەڵکی ئێران پێیان باشە سیاسەتمەدارانی ڕۆژاوا واز لە ستایشکردنی "قەسابی تاران" بهێنن. 

ئانتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، وڵامی ئەو ڕەخنانەی سەبارەت بە سەرەخۆشی بۆ مەرگی  ئیبراهیم ڕەئیسی دایەوە و وتی: ''هەڵوێستی واشنگتۆن بەرامبەر تاران نەگۆڕاوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش وەکوو پێشتر کە ڕووی داوە، هاوخەمی خۆی بۆ مردنی ڕەئیسی دەربڕیوە.''