چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێران سەبارەت بە مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی بەر لەوەی کە لە دادگایەکی دادپەروەرانەدا دادگایی بکرێت، داخ و کەسەری خۆیان دەربڕی.
پاش مردنی سەرۆککۆماری ئێران ناسراو بە "جەلاد" و "قەسابی تاران" و یەکێک لە ٤ ئەندامی سەرەکیی لێژنەی مەرگی دەیەی ٦٠، زۆرێک لە چالاکوانن و ڕێکخراوەکان مافی مرۆڤ و هەروەها کەسایەتییە ناسراوەکان، خەم و داخی خۆیان سەبارەت بە مردنی ڕەئیسی، بەر لەوەی کە دادگایی بکرێت، دەربڕی.
لە درێژەی ئەم کاردانەوانەدا ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە بەیاننامەیەکدا یادی هەزاران مرۆڤی بێتاوان کە لە ٤ دەیەی ڕابردوودا بوونەتە قوربانیی تاوانەکانی ئیبراهیم ڕەئیسی و ڕێژیمی ئیسلامی، بەرز ڕاگرت و جەختی لەوە کردووەتەوە کە مردنی ڕەئیسی بە مانای ئەوە نییە کە دۆسییەی تاوانەکانی بۆ هەمیشە دادەخرێت.
ئەم ڕێکخراوە زیادی کردووە کە ڕۆژێک لە دادگایەکی ڕاست و دروستدا هاوکات لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی کۆماری ئیسلامی، پێداچوونەوە بە تاوانەکانی ئیبراهیم ڕەئیسیشدا دەکرێت.
لەم بەیاننامەدا بە ئاماژەدان بە تاوانە بێکۆتاکانی ڕەئیسی هاتووە کە لە ماوەی دوو ساڵ سەرۆکایەتیی دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی، لەلایەن ڕەئیسییەوە، زیاتر لە ٤٠٠ کەس لە سێدارە دران کە زۆربەیان لە جیابیرەکان و بەندکراوانی سیاسی و لانیکەم ٧ منداڵ و ٢٥ ژن پێک هاتبوون و هەروەها پیاوێک تەنیا بە تاوانی خواردنی خواردنەوە ئەلکولییەکان، لە سێدارە درابوو.
هەر لەم پێوەندییەدا هادی قائمی بەڕێوبەری ناوەندی مافی مرۆڤ لە ئێران ڕایگەیاندووە "ئیبراهیم ڕەئیسی کۆڵەکەی سیستمێک بوو کە خەڵکی تەنیا بە هۆی ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر و ئەشکەنجە دەکرد".
قائمی زیادی کردووە کە مردنی ڕەئیسی ڕێگەی پێ دا تاکوو لە وڵامدەربوون بە تاوانە بێ ئەژمارەکانی، هەڵ بێت.
مردنی ڕەئیسی جیا لەوەی کە شەپۆلێکی خۆشیی لەنێو نەتەوەکانی ئێراندا دروست کرد، بەڵام هاوکات دەرفەتی بینینی دادگاییکردنی ناوبراوی لە دادگای تاوان بە دژی مرۆڤایەتیی، لە خەڵک ئەستاند.